Accessibility links

تورکیا داوا دەکات واشنتۆن کوردەکان لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە بکشێنێتەوە


ژەنەڕاڵ جۆسف دەنفۆرد لە دەستەڕاست و ژەنەڕاڵ هولوسی ئاکاری تورکیا لە دەستەچەپ.
ژەنەڕاڵ جۆسف دەنفۆرد لە دەستەڕاست و ژەنەڕاڵ هولوسی ئاکاری تورکیا لە دەستەچەپ.

بەرپرسی ستونە هاوبەشە لەشکرییەکانی ئەمەریکا، ژەنەڕاڵ جۆسف دەنفۆرد ڕۆژی هەینی لە بنکەی ئاسمانی ئینجرلیکی ناتۆ لە باشوری ڕۆژئاوای تورکیا لەگەڵ هاوشانە تورکەکەی هولوسی ئاکار کۆبۆوە. لە میانەی وتووێژەکەی نێوان ئەو دوو کاربەدەستە لەشکرییەدا باس لە پشتیوانی واشنتۆن بۆ هێزە کوردیەکانی سوریا کرا لە شەڕەکەیاندا دژ بە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی.

ئانکەرە دەڵێت ئەمەریکا پشتیوانی لە یەپەگە دەکات کە پێی وایە چەکدارەکانی پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە.

وتارنوسی سیاسی لە ڕۆژنامەی ئەل مۆنیتەر سەمیح ئیدیز دەڵێت " تورکیا دیدوبۆچوونی خۆی بە ڕوونی لەسەر ئەو ڕێکخراوە (یەپەگە) ڕاگەیاندووە، و لەم کاتەدا هەر هەنگاوێک بکشێتەوە وەکو شکستی حکومەتی ئەنکەرە لێک دەدرێتەوە و بێگومان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ سەرۆک ئەردۆغان دەبێت."

ئیدیز گوتیشی " ئەمە مەسەلەیەکی کۆتاییە بۆ تورکیا، و ئەگەر هیچ هەنگاوێک نەنرێت لەسەر داواکارییەکانی تورکیا، وا دیارە ئەم مەسەلەیە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا درێژە بکێشێت."

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاش پەکەکە بە گروپێکی تیرۆرستی لەقەڵەم دەدەن. واشنتۆن سورە لەسەر ئەوەی کە هاوکاری پەکەکە ناکات بەڵکو پشتیوانی لە هێزی سوریای دیموکرات دەکات کە هاوپەیمانێتییەکی عەرەب و کوردی سوریایە و سەلماندوویەتی کە هەتا ئێستا کاریگەرترین هێزە لە شەڕی دژ بە توندڕەوانی داعش لە ناو سوریا.

شەرڤانكی یەپەگە بە چەکەکەیەوە لە شەقامێکی شاری حەسەکە.
شەرڤانكی یەپەگە بە چەکەکەیەوە لە شەقامێکی شاری حەسەکە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوپەیمانێتیەکی فرەنژاد و فرەئاینییە کە دژی ڕژێمی بەشار ئەلئەسەدە. بەڵام ڕێبەرە لەشکریەکانی سەرکردەی یەپەگەن و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزاییەکی زۆری تورکیا.

پشتیوانی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا لەگەڵ هێزی ئاسمانی ئەمەریکا، وای کرد کە ‌هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەوپێش بڕۆن و نزیکەی چەند کیلۆمەترێک دوورن لە شاری ڕەققە کە داعش بە پایتەختی خۆی دەزانێت.

ژەنەڕاڵی بەریتانی ڕۆبەرت جۆنس لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی هێزی هاوپەیمانانی دژ بە داعش گوتی " زۆربەی ئەو هێزانەی کە پێشڕەوییان بەرەو ڕەققە کردووە عەرەبن، بەڵام من دەڵێم زۆربەی هێزەکان نەک هەمویان. عەرەب و کوردەکانی هێزەکانی سوریای دیموکات دەستلەناو دەستی یەک پێکەوە کار دەکەن".

شارەزایان دەڵێن لێدوانی لەو جۆرە دەبێتە هۆی توڕە کردنی ئانکەرە کە هەوڵێکی زۆر دەدات واشنتۆن کوردەکان دەربکات لە بەرنامەی گرتنەوەی ڕەققە. لە سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزیری بەرگری تورکیا فیکری ئیشک ڕایگەیاند واشنتۆن نزیکتر بۆتەوە لە هەڵوێستی تورکیا، پاش بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵەی کە پەنتاگۆن کار لەسەر پلانێکی دیاری کراو دەکات بۆ شکستپێدانی داعش لەسەر بنچینەی داواکاری سەرۆک ترامپ.

وەزیری بەرگری تورکیا فیکری ئیشک
وەزیری بەرگری تورکیا فیکری ئیشک

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەتا ئێستا ئانکەرە نەیتوانیوە ئالتەرناتیڤێکی باشتر بدەن بە واشنتۆن لە بری هێزەکانی کوردی سوریا.

وتارنوس ئیدیز دەڵێت " ئەمە ئاڵۆزییەکی زۆر گەورەیە، لەبەر ئەوەی بێگومان بۆ ئۆپەراسیۆنی دژ بە ڕەققە پێویستت بە هێزێکی زۆری زەمینی دەبێت. جا ڕوون نییە تورکیا چ بژارەیەک دەخاتە بەردەم ئەمەریکا و چۆن دەتوانێت بیسەلمێنێت بەبێ یەپەگە ئەم شەڕە دەکرێت."

ئیدیز دەشڵێت " من لەوبڕوایەدا نیم کە ئەمەریکاییەکان یان هاوپەیمانەکانی کە پشتیوانی لە ئەمەریکا دەکەن لە نیوەڕێدا پلانەکەیان ناگۆڕن مەگەر تورکیا گرەنتی ئەو بدات کە دەتوانێت بیکات."

شارەزایان هۆشداری دەدەن ئانکەرە خۆی لە پەراوێز دەنێت لەم هەڵوێستی دژایەتی کردنەی یەپەگەو پەیەدەی باڵی سیاسی. شارەزای کاروباری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی کادر هاسی ئەستەنبوڵ سۆلی ئۆزێل دەڵێت " تورکیا دەستی زۆر کورتە."

بەڵام تورکیا هەر کارتێکی فشاری هەیە کە بۆ واشنتۆن بەکاری بهێنێت ئەوەیش ئەوەیە کە سنوورێکی دورودرێژی هەیە لەگەڵ سوریادا و هێزەکانی ئەمەریکاش پشت بە بنکەی ئاسمانی تورکیا دەبەستن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ بە داعش.

شارەزایانی هەرێمی دەڵێت ئەنکەرە ڕەنگە پلانە لەشکرییەکەی ئەمەریکا بۆ گرتنەوەی ڕەققە بشێوێنن بەوەی هێزی لەشکری تورکیا بەرەو مەنبج بنێرن، ئەو شارۆچکەیەی کە لەلایەن هێزە کوردەکانی سوریاوە لە دەستی داعش ڕزگار کرا. هەر شەڕێکیش لەوێ ڕەنگە کارێک بکات کە یەپەگە هێزکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی ڕەققە بکشێنێتەوە بۆ بەرگری کردن لە خۆی.

XS
SM
MD
LG