Accessibility links

عەبادی: عێراق نابێت بە بەشێک لە شەڕی هەرێمی یان جیهانی


سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر ئەلعەبادی ڕۆژی شەممە بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاند، عێراق بەشداری ناکات لە هیچ شەڕێکی هەرێمی یان جیهانی.

ئەم لێدوانەش پاش ئەوە بوو کە عەبادی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کرد. لەو پەیوەندییەدا باس لە مەسەلەی ئێرانیش کرابوو. ئەمەش یەکەم پەیوەندی نێوان ئەو دوو ڕێبەرە بوو.

شارەزایەکی سیاسی نزیک لە عەبادی، ئیحسان ئەلشاماری، ڕایگەیاند ئەو لێدوانەی عەبادی ئاماژە بە ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکات. ئێران پەیوەندییەکی نزیکەی هەیە بە لایەنە شیعەکانی کە عێراق بەڕێوە دەبەن، لەکاتێکدا واشنتۆن پشتیوانی لەشکری هێزی عێراقی دەکات لە شەڕی دژ بە داعشدا.

تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی عێراق دەڵێت عەبادی گوتویەتی " زۆر ڕژدە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی، و ناخوازێت ببێت بە بەشێک لە هیچ شەڕێکی هەرێمی یان جیهانی کە دەبێتە کارەسات بۆ هەرێمەکەو بۆ عێراقیش."

سەرۆک ترامپ لە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی باشتروایە ئاگای لە خۆی بێت، ئەمەش پاش لێدوانێکی ڕۆحانی بوو کە گوتبوی هەرکەسێک هەڕەشە لە ئێران بکات پاشگەز دەبێتەوە.

ڕۆژی هەینی کۆشکی سپی ڕایگەیاند ترامپ و عەبادی لە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنییاندا لەو کاتەوەی ترامپ بووە بە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، باسیان لەو هەڕەشانە کردووە کە ئێران دەیخاتە سەر تەواوی ناوچەکە. ئۆفیسی عەبادیش ڕۆژی هەینی باسی ئەو پەیوەندییەی کرد بەڵام بە ڕوونی ناوی ئێرانی نەهێناوە. لە هەردوو بڵاوکراوەکەدا گوتراوە کە باس لە گرنگی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە لە شەڕی دژ بە داعش.

XS
SM
MD
LG