Accessibility links

سەرۆک ترامپ وەڵامی ئەو دادوەرە دەداتەوە کە فەرمانەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵوەشاندۆتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی شەممە وەڵامی ئەو دادوەرەی دایەوە کە فەرمانی دا بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ڕێگەگرتن لە هاووڵاتیانی 7 وڵاتی زۆرینە موسوڵمان بۆ ناو ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵبەوەشێتەوە. سەرۆک ترامپ فەرمانی ئەو دادوەری بە "گاڵتەجاری" لە قەڵەمدا و سۆزی دا کە بڕیارەکەی خۆی بچسەپێنێتەوە.

دادوەرێکی فێدراڵی لە ولایەتی واشنتۆنی باکوری ڕۆژئاوای ئەمەریکا ڕۆژی هەینی بە شێوەیەکی کاتی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپی هەڵوەشاندەوە بۆ ڕێگەگرتن لە وڵاتیانی 7 وڵاتی زۆرینە موسوڵمان لە گەشتکردن بۆ ناو ئەمەریکا و ڕاگرتنی پەنابەرانی سوریایی.

لە دەمی بڕیارەکەی ئەو دادوەرەوە بەشی گومرک و پاراستنی سنوورەکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە ڕێگە دەدرێت خەڵکی ئەو وڵاتانە بە ڤیزای تەواوەوە بێنە ناو ئەمەریکاوە.

هەر ماوەیەکی کورت پاش بڕیارەکەی دادگا کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی دەرکرد کە تیایدا دەڵێت وەزارەتی داد بە زووترین کات "ڕێگری دەکات لەم بڕیارە قێزەوەنە". بەڵام پاش ماوەیەکی کەم کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی تری دەرکرد و وشەی قێزەوەنەکەی لابردبوو.

لەو بەیاننامەیەدا بەرگریش لە فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ کراوەو بە " یاسایی و گونجاو" ناودێری کردووە.

سەرۆک ترامپیش سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لە پۆستێکی تویتەردا رایگەیاند " کاتێک وڵاتێک چی تر نەتوانێت بڵێت کێ دەتوانێت و کێ ناتوانێت بێتە ناو وڵاتەکەیەوە بەهۆی مەسەلەی ئاسایشی، ئەوا لە گرفتێکی گەورەدا دەبێت."

هەر لە پۆستێکی تری سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممەدا سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە " بیروڕای ئەم بەناو دادوەرە، کە چەسپاندنی یاسا لە وڵاتەکەمان ناهێڵێت، شتێکی گاڵتەجارییە و ڕێگەی لێ دەگیرێت."

هەر لە ڕۆژی شەممە هەزاران کەس لە وڵاتانی سەرانسەری جیهان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ.

لە لەندەن، کۆمەڵێکی چەند هەزار کەسی لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەریتانیا کۆبونەوە و دروشمی دژە ترامپیان دەگوت. ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن گروپەکانی دژبە جیاوازی کردن و موسوڵمان ئەنجام درابوو.

لە ئوسترالیا نزیکەی 1000 کەس لە شاری سدنی ڕێپێوانێکیان ئەنجام دا دژ بە بڕیارەکەی ترامپ و داوایان لە ڕێبەرانی ئوسترالیا دەکرد نێوەندی کاروباری پەنابەرانی دەرەوەی ئوسترالیا دابخات.

گروپێکی بچووکی نزیکەی 30 چالاکوان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئیندۆنیسا کۆبونەوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەو فەرمانەی سەرۆک ترامپ.

XS
SM
MD
LG