Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان گولبەدین حیکمەتیار لە لیستی تیرۆرستی دەردەکات


نەتەوە یەکگرتووەکان نێوی گولبەدین حیکمەتیاری لۆردی شەڕی ئەفغانی لە لیستی تیرۆرستان دەرکەردووە دوابەدوای ڕێککەوتنە ئاشتییەکەی لەگەڵ حکومەتی کابولدا.

کۆمیتەی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا هەواڵەکەی ڕاگەیاند و گوتی " بۆیە چیتر سڕکردنی سامانەکان، قەدەغەکردنی گەشتکردن، و ئابڵوقەی چەکی ئەو ناگرێتەوە."

ئەم هەنگاوەش چەند مانگێک پاش ئەوە هات کە حکومەتەکەی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشڕەف غەنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ حیزبێ ئیسلامی حیکمەتیار ، HIG، مۆر کرد.

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە پێویستە حیکمەتیار کۆتایی بە شەڕی دژ بە حکومەتی ئەفغانستان بهێنێت لە بەرامبەر لادانی ناوی لە لیستی قەدەغەکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێگا بدرێت گروپەکە کاری سیاسی خۆی لە ئەفغانستان دەستپێبکاتەوە.

ئەم ڕاگەیاندنەی ڕۆژی هەینی ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئەو لۆردەشەڕە بەناوبانگەی ئەفغانستان کە بگەڕێتەوە نێو سیاسەتی وڵاتەکە کە ئێستا گوایە لە پاکستان نیشتەجێیە هەرچەندە یاردەدەرەکانی سورن لەسەر ئەوەی کە لە شوێنێکی ناو ئەفغانستانە نەک پاکستان.

ئەندامێکی دەستەی وتووێژی ئاشتی حیکمەتیار، ڕۆژی شەممە لە وتووێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە گروپەکە بە فەرمی ئاگادار کراوەتەوە لە لابردنی ناوی ڕێبەرەکەیان لە لیستی یتیرۆستی نەتەوە یەکگرتووەکان.

گروپەکەی حیکمەتیار لە ماوەی 15 ساڵی ڕابوردۆوە لەگەڵ تالیباندا شەڕی دژ بە حکومەتی ئەفغانستانی کە ئەمەریکا پشتیوانی لێ دەکات کردووە. ئەو لە ساڵی 2003 بەهۆی پەیوەندی بە ئەلقاعیدەوە نێوی خرایە لیستی تیرۆرستییەوە.

ئەو سەرکردە گەریلایەی کە مێژووی تاوانی شەڕ و سەرپێچی کردنی مافەکانی هەیە لە ساڵی 1980کاندا شەڕی دژ بە سۆڤیەتی پێشووی کردووە. پاشان لە ساڵانی 1990کاندا شەڕی دژ بە تالیبانیان کرد کاتێک ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کرد.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ئەوەی وەکو تیرۆرستێک دەستنیشان کردبوو و ملیۆنان دۆلاری تەرخان کردبوو بۆ وەرگرتی زانیاری لەسەری تا بتوانێت دەستگیری بکات. بەڵام واشتنۆن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاشتی کابول دەکات و پەیمانی داوە کە هەنگاو بنێت بۆ پشتیوانی کردن لە هەوڵەکانی کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان لە ئەفغانستان. هەرچەندە تالیبان ئامادە نییە بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی ئەفغانستان بکات و سورە لەسەر توندکردنی چالاکییە توندوتیژەکانی لە سەرانسەری وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG