Accessibility links

ئەمەریکا ڕەخنە لە ڕەفتارەکانی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەگرێت


باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە هەڵوێستی توندی گرتەبەر دژ بە کرداری لەشکری ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، و ئەو "کردارە شەڕانگێزەی" مۆسکۆی شەرمەزار کرد و گوتی سزاکانی پەیوەست بە کریمیا هەر دەمێنێتەوە.

نیکی هێڵی لە یەکەم کۆبونەوەی گشتیدا لەو کاتەوەی بووە بە نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند " پێویستە ئەو کردارە شەڕانگێزانەی ڕوسیا محکوم بکەم."

هێڵی گوتیشی " ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشترمان لەگەڵ ڕوسیادا هەبێت بەڵام بارودۆخی خراپی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێویستی بە هەڵوێستێکی توندو و ڕوون هەیە."

هێڵی گوتی سزاکانی کە ئەمەریکا خستویەتییە سەر ڕوسیا بۆ لکاندنی هەرێمی کریمیای ئۆکرانیا بە ڕوسیاوە هەر دەمێننەوە هەتا ئەو کاتەی ئەو نیمچە دوورگەیە نەگێڕدرێتەوە بۆ کەیڤ.

هێڵی گوتی ئەمەریکا بەردەمە لە سەرزنشتکردن و داوا دەکات دەستبەجێ کۆتایی بە داگیرکردنی کریمیا لە لایەن ڕوسیاوە بێت و گوتیشی " کریمیا بەشێکە لە ئۆکرانیا".

لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا سەرۆک ترامپ ڕێزی نیشان دا بۆ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن، و پرسیار لەسەر ئەوە هەیە ئایە ڕوسیا دەستی هەبووە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بۆ بنکۆڵکردنی کاندیدی دیموکراتەکان هیلاری کڵنتن. ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی کە چاودێران چاوەڕوانی ئەوە بوون کە بزانن ڕەفتاری بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لەگەڵ ڕوسیا چۆن دەبێت. لێدوانەکانی هێڵی ئەوە دەردەخات کە بەڕێوەبەرایەتییەکە ئامادە نییە پەوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆ چاک بکاتەوە بە هەر نرخێک بێت.

XS
SM
MD
LG