Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئەم بڕیارە پەیوەندی بە ئاینەوە نییە بەڵکو لەسەر تیرۆرە


دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیاندنێکی نوسراودا سەبارەت بە بڕیاری سەرۆکایەتی سەبارەت بە پەنابەران جەخت دەکاتەوە لەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وڵاتی کۆچبەرانە و بەردەوامیش دەبن لە نیشاندانی هاوسۆزی بۆ ئەوانەی لە دەست سەرکوتکردن خۆیان ڕزگار دەکەن.

لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو ڕێبازەی هاوکاتی پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکایی و سنورەکانی ئەمریکاش.

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەمریکا هەمیشە وڵاتی ئازادی بووە و هەر بە ئازادی و پارێزراویش دەیهێڵینەوە وەک میدیاکان دەیزانن بەڵام باسکردنی ڕەت دەکەنەوە.

دانۆڵد ترامپ لەو ڕاگەیاندنەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممەیدا دەڵێت "سیاسەتی من هاوشێوەی سیاسەتەکەی سەرۆک براک ئۆبامایە کە لە ساڵی 2011 دا گرتیە بەر و بۆ ماوەی شەش مانگ ڤیزای لە پەنابەرانی عێراقی گرت. ئەو حەوت وڵاتەی ناویان لە بڕیارەکەی سەرۆکایەتیدا هاتووە هەر هەمان ئەو وڵاتانەن پێشتر لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی ئۆباماوە بە سەرچاوەی تێرۆر ناودێرکراون. بەڕوونی ئەم بڕیارە ڕێگەگرتن نییە لە موسڵمانان وەک میدیا بەهەڵە ڕاپۆرتی لەسەر دەدات. ئەم بڕیارە لەسەر ئاین نییە، بەڵکو لەسەر تێرۆر و هێشتنەوەی وڵاتەکەمانە بە پارێزراوی."

سەرۆک ترامپ دەڵێت زیاتر لە 40 وڵات لە جیهاندا هەن کە موسڵمانەکان تیایدا زۆرینەن و ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە. لەو ڕاگەیاندنە نوسراوەدا هاتووە " جارێکی تر ڤیزا دەدرێتەوە بە هەموو ئەو وڵاتانە هەر کە دڵنیابووین لەوەی پێداچوونەوە کراوە و تەواوی ڕێبازەکانی پارێزراوی جێبەجێکراون لە ماوەی 90 ڕۆژی داهاتوودا."

سەرۆک ترامپ دەڵێت هەستێکی گەورەی هەیە بۆ ئەو کەسانەی لە سوریا کەوتوونەتە ناو ئەم قەیرانە تۆقێنەرە مرۆڤانەیە و دەشڵێت "یەکەم ئەرکی سەرەکیم هەمیشە پاراستن و خزمەتکردنی وڵاتی خۆمانە، بەڵام وەک سەرۆک ئەو ڕێگەیانە دەدۆزمەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکەی دووچاری مەینەتی بوونەتەوە."

XS
SM
MD
LG