Accessibility links

کاردانەوە باش و خراپەکانی کاربەدەستانی ئەمەریکا لەسەر بڕیاری کۆچبەری ترامپ


وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەیاننامەیکی دەرکرد و ڕایگەیاند " فەرمانەکانی دادگا بەجێ دەگەیەنن" بەڵام گوتیشی لەهەمانکاتدا " فەرمانی سەرۆکیش جێبەجێ دەکەن تا دڵنیابن لەوەی ئەوانەی کە دێنە ناو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هیچ مەترسییەک ناخەنە سەر وڵاتەکەمان یان هاووڵاتیانی ئەمەریکا."

ڕاپۆرتەکانی کاربەدەستانی فێدراڵ ئاماژە بەوە دەکەن بەلایەنی کەم 170 کەس دەستبەسەرکراون لەو کاتەوەی سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی ئەو فەرمانەی واژوو کرد.

ترامپ ئەو ئاماژانەی بەلاوەنا کە فەرمانکەی ڕەنگە وەک گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی دژ بە موسوڵمانان لێی بڕواندرێت و گوتیشی فەرمانەکەی بۆ پیادەکردنی یاساو ڕێسای توند زۆر بە باشی کاریگەری دەبێت. ڕێنماییە نوێیەکانی کۆچبەری خەڵکانی 7 وڵات دەگرێتەوە ئەوانەی کە زۆرینەی دانیشوانەکەیان مسوڵمانن و بە شیانی هەڕەشە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لێیان دەڕوانێت.

لە فڕۆکەخانەکانی نیویۆرک، واشنتۆن، سان فرانسیسکۆ و شارەکانی تر خەڵکێکی زۆر کۆببونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی. پارێزەران کە زۆربەیان سەر بە یەکێتی ئازادی سیڤیلی ئەمەریکایی بوون، چووبوون بۆ فڕۆکەخانەکان تا هاوکاری یاسایی ئەو کەسانە بەکەن کە دەستبەسەر بوون.

هەلەری کڵنتنی دیموکرات کە لە هەڵبژاردنەکاندا بە ترامپ دۆڕا لە مانگی 11 وە زۆر بەکەمی لێدوانی داوە، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری نوسیویە " من پشتیوانی لە خەڵکی دەکەم کە ئەمشەو لە سەرانسەری وڵاتەوە کۆبونەوەتەوە بۆ بەرگری کردن لە بەهاکانمان و دەستورەکەمان. ئەمە گوزارشت لە ئێمە ناکات."

جەیسن کان بەڕێوەبەری بەشی ئەمەریکای پزشکانی بێسنوور ڕەخنەی لەو بڕیارەی ئەمەریکا گرت و گوتی " پەنابەران دایک و باوکن و منداڵن کە هەمان ئەو شتانەیان دەوێت کە ئێمە دەمانەوێت: شوێنێکی پارێزراو بۆ ژیانیان و ڕزگار بوونیان لە شەڕو سەرکەوتکردن."

یاسادانەرانی ئەمەریکاش باسی ئەم مەسەلەیەیان کردووە هەندێکیان پشتیوانی لێ دەکەن و هەندێکیش دژین.

سەرۆکی کۆنگرێس پۆڵ ڕایەن، کۆمارییەکی وەکو ترام، بەرگری لەو قەدەغە کردنە کرد لە بەیاننامەیەکی کە ڕۆژی هەنی لەلایەن یاریدەدەرێکی بڵاو کرایەوە.

گوتەبێژی ڕایەن ئاشڵی سترۆنگ گوتی " ئەمە تاقیکردنەوەی ئاینی نییە، و ئەمە قەدەغەکرنی خەڵکی هیچ ئاینێک نییە."

سیناتۆر باین سێس، کۆمارییەکی نێبراسکا، گوتی لەوە دەچێت ترامپ زیاتر بیری لە پاراستنی سنورەکانی ئەمەریکا کردبێتەوە، بەڵام شێوازی ڕاگەیاندنەکە زۆر فراوانە.

سیناتۆری کۆماری جێف فڵێکی ئاریزۆنا دەڵێت ترامپ ڕاستە لە نیگەران بوونی لەمەڕ ئاسایشی نیشتمانی " بەڵام مایەی قبوڵکردن نییە کە دانیشتوویەکی یاساییی هەمیشەیش دەستبەسەربکرێت و بگێڕدرێتەوە."

لێنا ماسری بەڕێوەبەری یاسایی نیشتمانی ئەنجومەنی پەیوەندی ئیسلامی ئەمەریکایی گوتی " ئەم فەرمانە لەسەر بنەمای نژادپەرستییە نەک ڕاستی."

جان کۆهن کاربەدەستێکی پێشووی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی، ڕایگەیاند ئەم قەدەغەکردنەی سەرۆک هەڕەشەی سەرەکی تیرۆرسم چارەسەر ناکات، ئەو کەسانەی کە ڕادیکاڵ بوون بەو شتانەی کە لەسەر ئینتەرنێت دەیبینن لە ناو ئەمەریکان".

سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی نیشتیمانی لە ئەنجومەنی نوێنەران مایکڵ میککاڵ پەسنی فەرمانەکەی ترامپی دا. مککاڵ گوتی " بە نوکی قەڵەمێک ترامپ کاری زیاتری کرد بۆ ڕێگەگرتن لە تیرۆرسم تا بێنە ناو ئەم وڵاتە بە بەراورد لەگەڵ کاری هەشت ساڵی بەڕێوەبەرایەتی پێشوو.

ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆماری کۆنگرێس بە ئاشکرایی ڕەخنەیان لەم بڕیارەتی ترامپ گرتووە.

سیناتۆر دیانا فاینستینی دیموکرات لە کالیفۆرنیا بە ڕۆژنامەوانانی گوت ئەو ڕێگەگرتنە کردارێکە کە باوەڕ ناکرێت.

XS
SM
MD
LG