Accessibility links

سەدان هەزار کەس لە واشنتۆن بەشداری ڕێپێوانی ژنان دەکەن


سەدان هەزار کەس زۆربەی بە کڵاوی پەمەییەوە ڕۆژی شەممە ڕژانە سەر شەقامەکانی ناوجەرگەی واشنتۆن بۆ خۆپیشاندانی دژ بە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کە تەنها ڕۆژێکە ماوەی سەرۆکایەتی دەستیپێکردووە.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕێپێوانەی واشنتۆن گەورەترینیان بێت لە زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە سەرانسەری جیهان لە ناویاندا سیدنی، لەندەن، تۆکیۆ و نیویۆرک بە مەبەستی ڕەخنە گرتن لە سەرۆکی نوێی ئەمەریکا کە زۆربەی جار بە لێدوانەکانی خەڵکی توڕە کردووە.

ترامپ زۆربەی ئەمەریکاییە لیبرالەکانی بە لێدوانەکانی لەسەر ژنان، مەکسیکییەکان و موسوڵمانەکان توڕە کردووە. هاوکات ژمارەیەکی خەڵکی لە دەرەوەی وڵاتیش نیگەران کردووە بەهۆی سیاسەتی کە دەڵێت " ئەمەریکا یەکەم" دەبێت لە بڕیارەکانیدا.

ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەڵێن قەرەباڵغییەکە زۆر زۆرە و چاوەڕوان دەکەن نزیکەی نیو ملیۆن کەس هەتا نیوڕۆی ڕۆژی شەممە لەوێ بن.

کاربەدەستانی واشنتۆن دەڵێن نزیکەی 1800 پاس خۆیان ناونوس کردووە کە پاسەکانیان لە ناو شارەکە ڕابگرن ئەمەش مانای ئەوەیە نزیکەی 100 هەزارکەس بە پاس چوون ئەمەش جگە لە دەزگاکانی تری گواستنەوە لە ناویاندا ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەری ناوخۆ.

XS
SM
MD
LG