Accessibility links

کاردانەوەی خەڵکی سەرانسەری جیهان لە سەر سەرۆک ترامپ


سەدان هەزار کەس لە ڕۆژی هەینی لە ناوچەی واشنتۆن ماڵ ئامادە بوون لە کاتێکدا دانۆڵد ترامپ بوو بە 45 هەمین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، و ژمارەیەکی زۆر زیاتری خەڵکیش لە سەرانسەری وڵاتەکە و تەواوی جیهانەوە بە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مەڕاسیمەکەیان دەبینی. پەیامنێرانی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی لە سەرانسەری جیهانەوە گفتوگۆیان کردووە تا بزانن بیروڕایان چییە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا.

ڕوسیا

لە مۆسکۆ دوکانێکی جلوبەرگی لەشکری ڕوسی، وێنەی ترامپی دانابوو و داشکاندنی بۆ هاووڵاتیان ئەمەریکا دەکرد. و لە سەر شەقامیش کاردانەوەکان جیاواز بوون.

لیدیا ڤۆرۆنۆڤای بەساڵاچوو، گوتی " ئێمە هیوادارین پەیوەندییەکانی نیوان ڕوسیا و ئەمەریکا باش بێت بۆ ئەوەی بتوانن زەمینەیەکی هاوبەش بڕەخسێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا."

سەرنوسەرێکی گەنج کە تەنها ناوی یەکەمی خۆی بە سەرگێ ڕاگەیا دووە گوتی " ترامپ سەرۆکێکی مشتومڕ لەسەر دەبێت لە مێژووی ئمەریکادا بەڵام هیوادارم بتوانێت متمانەی خەڵکی ئەمەریکا بەدەست بهێنێت."

مەکسیک

وتەکانی ترامپ ژمارەیەک خەڵکی لە مەکسیک ترساندووە ، گۆڤارێکی بەناوبانگی هەفتانە گۆڤاری Proceso هۆشداری داوە " شەڕ بڕێوەیە."

هۆزێ لیوز لۆپێز ئاگویر، شارەزایەکی ڕاگەیاندن لە زانکۆی پان ئەمەریکا لە شاری مەکسیکۆ دەڵێت بەکارهێنانی تویتەر و تۆڕەکانی تری کۆمەڵایەتی لەلایەن ترامپ بۆ ڕاگەیاندنی دیدوبۆچوونەکانی بووە بەهۆی دابەشبوونێکی زۆر لە ناو ئەمەریکا. ئاگویر گوتیشی لەبەر ئەوەی ئەو شتانەی کە دەیڵێت مەرج نییە هەموی ڕاست بێت ئەو کۆمەڵگایەک دروست دەکات کە ڕەفتارە شەڕانگێزەکانی وەردەگرن و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەشکردنی کۆمەڵگای ئەمەریکا.

بەڵام هاوکارێکی تری لە هەمان زانۆ شارەزای بواری پەیوەندییەکان مارییا لۆپێز گۆترێز دیدوبۆچوونێکی تری هەیە و دەڵێت " بە بڕوای من ئەوەی کە ترامپ ڕەنگە ببێتە هەڕەشە گەورە کراوەتەوە یان زیادە ڕەوی تێدا دەکرێت پێویستە ئێمە چاوەڕان بکەین ئێمە پەیوەستین بە پەیوەندییەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بخەینە ڕوو نەک تەنها ڕووکەشی شتەکان."

ئافریکای باشور

لە ئافریکای باشوریش دەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ دانیشتوانی نایجیریا و نایجر کردووە کە لە زۆر باردا وا دیارە گەشبینن بەرامبەر ئەم بەڕیوەبەرایەتییە نوێیە.

محەمەد ئەبو موسا لە مەیدوگوری نایجیریا دەڵێت " ئەمەریکا زۆر شتیان هەیە بینوسنەوە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما. ئێمە دوعای بۆ دەکەین و هەروەها ئێمە دوعا بۆ ترامپیش دەکەین کە لە حکومەتەکەیدا سەرکەوتووبێت.

ئەلحاجی بەلۆ موسا لە برینن کۆنی نایجریش گەشبینە " سەرەڕای هەڵمەتێکی ڕقاوی دوو ساڵی ڕابوردووی ترامپ ... ئێمە داواکارین کە هەوڵ بدات جیهان یەکخات. و هیوادارین یارمەتی وڵاتانی جیهانی سێهەم بدات تا بگەن بە ئامانجەکانیان."

ئوما ئیساکا لە هەمان ناوچەی نایجیر زیاتر نیگەرانە ئەو دەڵێت " لێدوانەکانی دانۆڵد ترامپ لەسەر قەدەغەکردنی ئیسلام لە چوونە نێو وڵاتەکەوە گرفتێکی گەورەیە.. بە تایبەتی نابێت بەو شێوەیە جیاوازی بخرێتە نێوان موسوڵمان و کرستیانەوە چونکە پەیوەندی نێوان ئەم دوانە مێژوویەکی هەیە لە سەردەمی پێغەمبەرەکانەوە. ئەو دەبێت زیاتر وریابێت لەوەی کە چی دەڵێت ئێستا ئەو سەرۆکی مەزنترین وڵاتە."

ئەفغانستان

لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، عەبدولهادی ئاریز پارێزەرێکی خانەنشین دەڵێت، ئەو لەو بڕوایەدایە کە ترامپ ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی زۆر دەبێتەوە لە سیاسەتی دەرەوەییدا. " لە ماوەی 30 ساڵی ڕابوردۆوە ئەفغانستان دابەشبووە لە شەڕی بە وەکالەتی ناوچەکەدا" ئەو دەڵێت ئەمە لەم ماوەیەی دواییدا زیاتریش دەرکەوتووە چونکە "ئێمە دەبینین ڕوسیا، چین و ئێران دەست وەردەدەنە کاروباری ئەفغانستان لە دژی ئەمەریکا."

عمران خان خوێندکارێک لە کابول نیگەرانی ئەوەیە کە بە هاتنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا ئەفغانستان هاوکارییەکانی ئەمەریکا لە دەستبدات. ئەو دەڵێت هیوادارە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەیکا لە هەوڵەکانی بۆ بنبڕکردنی تالیبان پاشگەز نەبێتەوە وەک دەڵێت " لەبەر ئەوەی بەڵێنەکانی ئەمەریکا گرنگە بۆ ئاسایشی ئێمە."

کۆریای باشور

چۆی سێۆی تەمەن 22 ساڵان کە لە کۆمپانیایەکی دارایی سیئۆل کار دەکات دەڵێت لەوەتای دەستی بەهەڵمەتەکان کردووە ئێمە گوێمان لە ڕێبازی " ئەمەریکا یەکەمە"ی ترامپ بووە و ئەو ڕەفتارە توندڕەوانەی نیگەرانمان دەکات لەمەڕ داهاتومان.

هەرچەندە سێۆ دەشڵێت " هیوادارم یان دەمەوێت بڕوا بەوە بکەم کە لە بری ئەوەی ڕەتی بکەمەوە بڕوام بە هاوپەیمانێتی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشور هەبێت، سەرۆک ترامپ پەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوەو هاوپەیمانێتییەکە بەرەو پیشتر دەبات."

کۆریای باکور

بەرهەڵستێکی تەمەن 50 ساڵانی کۆریای باکور کە ئێستا لە شیکاگۆ دەژێت و داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت بەهۆی مەسەلەی ئاسایشی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت هیوادارە ترامپ ئابوری وڵاتەکەی بەرەو پێش ببات بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی لەوێ دەژین بتوانن ژیانێکی باشتر بەسەر بەرن.

ئەو گوتیشی لە کاتێکدا ترامپ هەوڵ دەدات ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بەهێز بکات بۆ پاراستنی ئەمەریکاییەکان پێویستە ئەو فشارەکانیش زیاد بکات لەسەر پیونگیانگ بە دانانی سزایەکی سەختتر بۆ سەر کۆریای باکور. بەرهەڵستێکی تری کۆریای باکور کە تەمەنی 50 ساڵە کیم چانگ هۆ لە لۆس ئانجلس گوتی " ژمارەیەک خەڵكی کۆریای باکور لێرەن کە بە ڕێگای وڵاتی سێهەمەوە گەیشتوونەتە ئێرە و هیچ بەڵگە نامەیەکی یاساییان نییە هیوادارم ئەمەریکا دەرفەتی مانەوەیان پێ بدات."

XS
SM
MD
LG