Accessibility links

پەرلەمانی تورکیا گۆڕانکاری لە دەستور پەسەند دەکات 


پەرلەمانی تورکیا گۆڕانکاری لە دەستوردا پەسەند کرد کە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی بەهێز دەکات و دەشێ هەتا ساڵی 2029 سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەر دەسەڵات بهێڵێتەوە. ڕێفراندۆمێکی سەرتاسەری بۆ پەسەند کردنی ئەم بەرنوسە لە چەند مانگی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە یاسادانەران بە 339 دەنگی بەڵێ بە بەرامبەر 142 دەنگی دژ بەرنوسەکەیان پەسەند کرد. ئەو یاسایە پێویستی بە 330 دەنگ بوو لە کۆی 550 دەنگی ئەندام پەرلەمانەکان تا یاساکە بخرێتە ڕیفراندۆمەوە. لە ئێستادا پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار زۆرینەی پەرلەمانە.

بە پێی ئەو یاسایە ڕێگە بە سەرۆک دەدرێت یاسای باری نائاسایی درێژ بکاتەوە، کە تورکیا لەوەتای کودەتا سەرنەکەتووەکەی مانگی 7 وە گرتویەتیە بەر. لە کاتی ئەو هەوڵەوە زیاتر لە 100 هەزار فەرمانبەر لە کارەکانیان لابراون بە تاوانی ئەوەی گوایە پەیوەندییان هەیە بە کەسایەتی ئاینی بنکە لە ئەمەریکا فەتحوڵا گولەنەوە کە تورکیا بە هەوڵی کودەتاکە تاوانباری دەکات.

لە ماوەی ساڵی ڕابوردوودا چەندین تەقینەوەی گەورە لە تورکیا ڕوویداوە. کاربەدەستانی پارتی دەسەڵاتدار دەڵێن سەرۆک پێویستە دەسەڵاتی زیاد بکرێت تا بتوانێت ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئاسایشی ببێتەوە.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەم یاسایە دەسەڵاتێکی زۆر دەدات بە ئەردۆغان و تاکڕەوییەکانی زیاد دەکات.

XS
SM
MD
LG