Accessibility links

سەرۆکی هەڵبژێردراو دانۆڵد ترامپ ڕۆژێک بەر لە سوێندخواردنی یاسایی دەگاتە واشنتۆن


سەرۆکی هەڵبژێردراو دانۆڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە واشنتۆن ڕۆژێک بەر لەوەی لە مەڕاسیمێکی گشتیدا لە سەر پلیکانەکانی کۆنگرێس سوێندی یاسایی بخوات.

ترامپ لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری نوسیویەتی " ئەم گەشتە دەستی پێکرد و من کار دەکەم و هەوڵێکی زۆر دەدەم تا بیکەم بە گەشتێکی گرنگ بۆ خەڵکی ئەمەریکا".

جارێکی تریش دروشمی هەڵمەتەکەی گوتووەو ڕایگەیاند " هیچ گومانم لەوەدا نییە کە پێکەوە ئەمەریکا ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە."

شێن سپایسەر، کە دەبێتە گوتەبێژی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند سەرۆکی هەڵبژێردراو بەردەوامە لە گۆڕانکاری لە وتارەکەیدا کە لە میانەی مەڕاسیمی سوێندخواردنیدا پێشکەشی دەکات. ئەو گوتی وتارەکەی بیروڕای خۆی دەبێت لەسەر ئەمەریکا.

سپایسەر گوتیشی ترامپ هەوڵ دەدات لە وتارەکەیدا باس لەو ئاستەنگانە بکات کە ڕووبەڕووی دەبینەوە. ئەو وتارەکەی بە وتارێکی فەلسەفی لەقەڵەم دا لەسەر ئەوی کە ترامپ دەیەوێت وڵات بەرەو چ ئاقارێکدا ببات نەک ئەجەنداکانی حکومەت.

بەیانی ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ و مڵانیا خانمی یەکەمی داهاتووی وڵاتەکە بۆ نوێژ و نزا دەچنە کڵێسای جۆن ئپـسکۆپـڵSt. John's Episcopal Church کە لە نزیک کۆشـکی سـپیـیە، ئەمەش نەریتێـکە لە سەردەمی سەرۆک فرانکلین ڕۆزڤێڵتەوە پـیادەدەکرێت و هەرچ سەرۆکێـک بە دوایدا هاتووە بە هەمان شێوەی کردووە.

پاشان براک ئۆباما و میشێلی هاوسەری لە کۆشـکی سـپی پـێشوازی لە دۆناڵد ترەمپ و مڵانیا دەکەن و لە دانیشتنێـکی کورتدا پـێکەوە چایەک یان قاوەیەک دەخۆنەوە و بە دوایدا وەکو هەموو سەرۆکەکانی پـێشوو، براک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ پـێکەوە لە کەژاوەیەکدا لە کۆشـکی سـپیـیەوە بەرەو بینای کۆنگرێس دەڕۆن، کە لەوێ بەشە سەرەکیـیەکانی مەراسیمەکەی لێ بەڕێوەدەچن.

هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتی کۆنگرێس لەگەڵ کاربەدەسـتانی بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو و نوێ و دیپـلۆماتانی وڵاتان ئەوانیش ئامادەی مەراسیمەکە دەبن. بەڵام لە ئەمساڵدا ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی سەر بە دیموکراتەکان بڕیاریان داوە ئامادەی مەراسیمەکە نەبن.

XS
SM
MD
LG