Accessibility links

ترامپ دەڵێت ڕەنگە سزاکانی سەر ڕوسیا لاببات ئەگەر مۆسکۆ یارمەتیدەر بێت 


سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەوی wall street journal ڕایگەیاندووە ئەو بەردەوام دەبێت لەسەر سزاکانی دژ بە ڕوسیا " هەر هیچ نەبێت بۆ ماوەیەک" و لە هەمان وتووێژدا گوتوشیەتی ئەو پەیوەست نابێت بە ڕێبازی "یەک چین" هەتا ئەو کاتەی بێژینگ پێشوەچوونی لە دراوی و کردارەکانی بازرگانیدا نەکات.

لە بەشێکی ئەو وتووێژە یەک کاتژمێرییەدا کە لە ڕۆژی هەینی بڵاو کرایەوە ، ترامپ دەڵێت " ئەگەر ڕوسیا ئامادەبێت یارمەتیمان بدات، بۆچی سزا دانرێت ئەگەر کەسێک ئیشی باش بکات".

ترامپ گوتیشی ڕەنگە ئەو سزایانە پاشان لابدات کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما لە کۆتایی مانگی 12 دانرا وەکو وەڵامێک بۆ دەستێوەردانی گوایە ڕوسیا لە هێرشی کۆمپیوتەری بۆ سەر ئەمەریکا، ئەگەر مۆسکۆ بیسەلمێنێت کە هاوکار دەبێت لە شەڕی دژ بە تیرۆرستان و گەیشتن بە ئامانجەکانی تری کە بەلایە واشنتۆنەوە گرنگن.

ترامپ بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند ئامادەیە پاش دەستبەکاربوونی چاوی بە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن بکەوێت. ئەو گوتی " من دەزانم ئەوان حەز دەکەن لەگەڵمدا کۆببنەوە بێگومان بەلای منیشەوە زۆر ئاساییە."

کاتێک پرسیاری لەسەر ڕێبازی یەک چین لێ کرا سەبارەت بە تایوان ترامپ گوتی " هەمو شتێک وتووێژی لەسەر دەکرێت تەنانەت ڕێبازی یەک چینیش".

ترامپ چینیەکانی توڕە کرد بەوەی کە پەیوەندی تەلەفۆنی لەلایەن رێبەری تایوانەوە بۆ پیرۆزبایی کردن لێی پەسەند کرد.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی لە هەڵوێستی چین دەکات بۆ ئەوەی کە تەنها یەک چین هەیە و تایوان بەشێکە لە چین.

XS
SM
MD
LG