Accessibility links

بەربژاری تڕامپ بۆ وەزیری دەرەوە: پێویستە بەڵێندار بە پشتیوانی لە هێزەکانی دژ بە داعش بین


ڕێکس تێلرسن، بەربژار بۆ وەزیری دەرەوە لە ماوەی گەواهیدان لە پێش کومیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێنیتی ئەمەریکا، چوارشەمە ١١ی مانگی ١ی ٢٠١٧

ڕۆژی چوارشەمە لە کۆبوونەوەی پشتڕاست کردنی ڕێکس تێلرسن، وەک بەربژاری دانۆڵد تڕامپ بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا چەندین پرسیار لە لایەن کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەر بە سنیتی ئەمەریکاوە ئاراستەی ناوبراو کرا.

سێناتۆر جان بڕاسۆ، نوێنەر بۆ ئەیالەتی وایۆمینگ لە پارتی کۆماری پرسیاری لە بەڕێز تێلرسن کرد کە چۆن دەتوانن ڕەوایی داعش لاواز بکەن و ئەمەریکا بتوانیت هاوبەندی هاوپەیمانان بە ڕیبەری ئەمەریکا لە هەریمەکەدا باشتر بکەن بۆ ئەوەی داعش بخەنە بەر ئامانج؟

ڕێکس تێلرسن
ڕێکس تێلرسن

بەڕیز تێلرسن جەختی کردەوە کە بۆ زاڵبوون بە سەر داعش دا تەنیا ڕووبەرووبوون و شکست دانی ئەو گرووپە لە گۆڕەپانی شەر دا نیە:

"شکستدانی داعش دەبێت هەرە کاری سەرەکی ئێمە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێت. بەڵام شکستدانی داعش تەنیا نابێت لە گۆڕەپانی شەردا بێت، بەڵکوو لە شەر بۆ سەر ئایدولۆژییەکان دا بێت. شکستدانی داعش لە ئاستی جیهانی دا لە ڕادەبەدەر کارێکی بەگرفتە چۆنکە داعش نوێنەری یەک وڵات نیە کە ئێمە بتوانین بە شێوەیەکی سونەتی لە بەرامبەری دا هەڵوێست بگرین. بۆ ئەوەی داعش لە ڕووی ئایدۆلوژییەوە شکست بدەین پێویستی بە توانایی پێشکەوتوو و کەرەسەکانی پەیوەندی گرتنی خۆمان هەیە کە پێشی پەیوەندی گرنتەکانی داعش بگرین و نەهێلێن پەرە بە تۆڕی خۆیان بدەن. لە ئەوەش زیاتر، پێشی ئەوەش بگرین کە داعش نەتوانێت لە ڕێگای ئێنتێرنێتەوە ئەو کەسانە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت کە بە قەناعەتی گەیاندوون تێکەڵ بە ئەو ڕێکخراوە بێت."

هەروەها گوتیشی کە شکست دانی داعش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەریمی خەلافەتی داعش لادەبات کە ئەوەش خۆی ڕەوایی ئەوان لاواز دەکات، بەلام ئەمە لە خۆێدا نابێتە هۆی شکست دانی داعش بە گشتی چونکە داعش دەتوانیت لە ژێر ناوی دیکە لە هەریمەکەدا درێژە بە هەوڵی خۆی بدات.

جان بەڕاسۆ پشت ڕاستی قسەکانی بەڕیز تێلرسنی کرد و گوتی داعش لە هەوڵ دایە جێی خۆی لە ئەفغانستان دا بکاتەوە، بۆ وێنە ئەوەی لە کاتێ "رۆژی سوپاسگوزاری" داعش لە نزیک جەلال ئاباد و لە نزیک سنووری ئەفغانستان دا ئەنجامی دا و وێدەچێت دەیانەوێت خەڵافەت لە ئەوێش دابمەزرێنن و بە کورتی وەک ئەو گوتی "شێرپەنجەکە بڵاوبۆتەوە.

ئەو سێناتۆرە ئاماژەی بە قسەکانی تێلرسن کرد کە پێی وایە ئەمەریکا وەک پێشوو ئەوەندە بە هێز و جێگای ڕێز لە هەریمەکەدا نیە و دەبێت ئەمەریکا ڕێبازێکی دەرەوەی ئەو تۆی هەبێت کە بتوانێت پاڕێزگاری لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بکات و توانایی خۆی بە کاربێنێت. داخوا لە ئەو نێوەدا ئەمەریکا بۆ ئەم مەبەستە چ هەنگاوێک بە تایبەتی دەبێت هەڵبێنێتەوە؟

بەڕێز تێلرسن ئاماژەی بە شەر لە دژی داعش بە هاوکاری ئەو لایەنە و هاوپەیمانانە کرد کە پێشتر ئەمەریکا هاوکاری لە گەڵ کردوون و گوتی:

"لە پەیوەندی لە گەڵ داعش وەک هەرە هەڕەشەی سەرەکی ئێمە دەبێت هاوپەیمانەتی خۆمان تازە بکەینەوە لە ڕیگای بە کارهێنانی ئەو هێزانەی کە پێشتر لە هەریمەکەدا بوونە لە نێویاندائەو هێزانەی کە مەزنترین هاوپەیمانانی ئێمە بوونە؛ ئێمە بەڵێنداربین بە کوردەکانی سوریا کە دەمانەوێت پشتیوانیان لێ بکەین و مەبەستیانە درێژە بە پێشڕەوی خۆیان بۆ سەر ڕەقە بدەن و پاشان هێزەکانی هاوپەیمان دابمەزرێنین کە دەتوانن پێشی بەرفرەوان بوونەوەی داعش بگرن و سنوورداری بکەن ئەگەر داعش بێهەوێت بۆ بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە بچێت لە سوریا دا لاوازیان بکەین. پێم وایە ئەو هەوڵە لە عێراق دا لە پلەیەکی پێشکەوتن دایە و بەو هیوایەی لە توانایان دابێت لە کۆتایی لە لابردنی خەلافەتی داعشدا سەرکەوتووبن."

XS
SM
MD
LG