Accessibility links

سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی ڕۆژی یەکشەممە لە تەمەنی 82 ساڵیدا بە سەکتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی بەرنامەکانی بڕی و هەواڵی مردنەکەی ڕاگەیاند و گوتی لە هەمو ژیانیدا بە شێوەیەکی ماندوونەناسانە هەوڵی دا بۆ ئیسلام و شۆڕش.

ڕەفسەنجانی کە لە ساڵی 1989 بۆ ساڵی 1997 سەرۆکی ئێران بوو، پێشتر بە ڕاوێژکارێکی باڵای ئایتوڵا ڕۆحانی خومەینی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 ی ئێران دادەنرا. شارەزایان دەڵێن ئەو هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکیشی هەبووە لە دەسنیشان کردنی جێگرەوەی خومەینی پاش مردنی لە ساڵی 1989.

لە ماوەی سەرۆکایەتیدا ئەو هەوڵی دا وڵاتەکە بهێنێتەوە سەرخۆ کە بەهۆی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 وە بۆ 1988 زیانێکی زۆری ئابوری لێکەوتبوو. هەروەها ژمارەیەک پرۆژەی ڕیفۆرمی بە ئاگادارییەوە هەبوو کە تیایدا ئازادییەکی فراوانتر بەدی دەکرا بە تایبەتی لە میدیای وڵاتەکە کە بە توندی کۆنترۆڵ کرابوو.

هەرچەندە هەتا ساڵی 2002 پێگەی سیاسی ڕەفسەنجانی دابەزی، لەکاتێکدا کۆنەپارێزەکان ڕەخنەکانیان زیاد کرد لە لە هەوڵەکانی ئەو بۆ چاکسازی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

ئەو لە هەوڵێکی بەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو ساڵەدا شکستی خوارد بۆ کورسیەک لە پەرلەمان، و لە ساڵی 2005 دا لە هەوڵیدا بۆ جاری دووهەم بۆ سەرۆکایەتی دۆڕا بە مەحمود ئەحمەدی نژادی کۆنەپارێز.

چوار ساڵ پاش ئەوە لە دەمی سەرکوتکردنەکانی حکومەت دژ بە خۆپیشاندەرانی کە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕوویدا، ئەو وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا داوای ئازادی زیاتری تاکەکەسی کرد. شارەزایان دەڵێن وتارەکەی ساڵی 2009 ی زیاتر دووری خستەوە لە کۆنەپارێزەکان و سەرکردە لەشکرییەکان.

ڕەفسەنجانی لە سێهەم هەوڵیدا بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2013 ڕەت کرایەوە کاتێک شورای نیگەهبانی بەدەسەڵات ڕێگەی پێ نەدا خۆی هەڵبژێرێت. ئەو ڕەتکردنەوەیەش بە شێوەیەکی فراوان وەکو ڕەتدانەوەی کاربەدەستان بۆ هەوڵە ڕیفۆرمەکانی بینرا.

هەرچەندە کاتێک حەسەن ڕۆحانی هەڵبژاردنەکەی بردەوە ڕەفسەنجانی دەستنیشان کرد بۆ چاودێری کردنی بەرنامەکانی وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ستایشی ڕەفسەنجانی کرد و گوتی ڕێبەری پێشوو هیوای زیاتری هەبوو بۆ وڵاتەکە و هەتا کاتی مردنیشی ڕێگای ڕاستی نیشان خەڵکی دا. ڕۆحانی گوتیشی " همومان هیوادارین لەسەر ئەو ڕێگایە بەردەوام بین."

ڕەفسەنجانی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، ئەو ئەنجومەنەی کە ڕاوێژی ڕێبەری باڵا ئایەتوڵا عەلی خامەنەی دەکات.

ئاژانسی نیمچە فەرمی FARS دەڵێت ڕەفسەنجانی ڕۆژی سێشەممە لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بە خاک دەسپێردرێت. خوێندنگا، ئۆفیسەکان و دامودەزگاکانی تری حکومەت دادەخرێن بۆ ڕێوڕەسمەکە.

ساڵی ڕابوردوو فایزە هاشمی کچی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان و چالاکوانی پێشووی سیاسی ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا بەهۆی کۆبونەوەی لەگەڵ ڕێبەرانی کۆمەڵگای بەهاییەکانی ئێران. ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لەمەڕ سەرکوتکردنی ئاینی لە ئێران لێکەوتەوە.

ئەو مشتومڕە لە کاتێکدا دەستیپێکرد کە فایزە لە وێنەیەکدا لەگەڵ فەریبا کەمالابادی، چالاکوانێکی بەهایی کە پێشتر لە زیندانی ئەوینی تاران لەگەڵیدا بوو دەرکەوتبوو.

فایزیە 6 مانگی لە زیندانی ئەڤین بەسەر برد بەهۆی ڕەخنەکانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009. پاشان ئەو ماوەیەی زیندانی بە باشترین کاتی ژیانی لە قەڵەم دا لەبەر ئەوەی وەک خۆی گوتویەتی " جیهانێکی تری پێم نیشان دا".

ساڵێکیش پێش ئەوە مەهدی هاشمی کوڕی ڕەفسەنجانی بۆ 15 ساڵ زیندانی سزا درا پاش ئەوەی بە تاوانی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات تاوانبار کرا.

XS
SM
MD
LG