Accessibility links

هێرشبەرەکەی بەرلین ڕەنگە دەمانچەکەی لە سویسرا بە دەستهێنابێت


کەناڵی تەلەفیزیۆنی ZDF ی ئەڵمانی ڕادەگەیەنێت ئەو پیاوە تونسییەی کە مانگی ڕابوردوو 12 کەسی بە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە بازارێکی شتومەکی کرسمس لە بەرلین کوشت، چەند جارێک سەردانی سویسرای کردبوو و ڕەنگە لەوێش ئەو دەمانچەیەی بەدەستهێنابێت کە لە میانەی ڕفاندنی بارهەڵگرەکەی کە هێرشەکەی پێ ئەنجام دا بە کاری هێنابوو.

ڕاپۆرتەکەی ZDF دەڵێت " هەتا ئێستا لە لێکۆڵینەوەکاندا زۆر شت بەدەست هاتوون لەو بارەیەوە" و دەڵێت ڕەنگە ئەنیس عامری کە هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی دابوو ئەو دەمانچەیەی لە سویسرا بە دەستهێنابێت.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت بە پێی لێکۆڵینەوەکان لە زانیارییەکانی کە لە ناو موبایلەکەی عامریدا هەبووە ئەو چەند جارێک چوو بوو بۆ سویسرا. عامری لە 23 ی مانگی 12 لە میانەی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پۆلیسدا لە میلان کوژرا.

ئۆفیسی دادپرسی گشتی سویسرا ناسراو بە OAG ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاری پەیوەست بە هێرشەکەی 19 ی مانگی 12 ی بەرلین دەستپێکردووە.

OAG نە ڕاپۆرتەکەی پشتڕاست کردووە و نە نکوڵیشی لێ کردووە کە ئەو هێرشبەرە دەمانچەکەی لە سویسرا بە دەستهێنابێت.

گوتەبێژێکی OAG لە بەیاننامەیەکی ڕۆژی شەممەیدا ڕایگەیاند " ئۆفیسەکە ئەو لێکۆڵینەوە تاوانکارییەی دژ بە چەند کەسێکی نادیار دەستپێکردووە لە سەر بنەمای زانیارییەکانی دەرەوەی وڵات."

گوتوشیەتی ئەو زانیاریانە بریتین بە پەیوەندییەکانی عامرییەوە.

XS
SM
MD
LG