Accessibility links

هێزەکانی عێراقی لە موسڵ ڕووبەڕووی بەرگرییەکی زۆری داعش دەبنەوە


هێزەکانی عێراقی ڕۆژی هەینی لە دووهەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوی موسڵ ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی بۆمبڕیژ کراو و بەرگرییەکی توندی داعش دەبنەوە.

کاربەدەستێکی هێزی پۆلیسی فێدراڵی کە ڕۆژی پێنجشەممە بەشداری شەڕەکەی کرد، گوتی شەڕوپێکدادانی زۆر هەبووە لە گەڕەکی فەلەستینی باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە، بەڵام ئەوان لە دوو گەرەکی تردا پێشڕەوییان کردووە و ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی بۆمڕێژکراویان پوچەڵ کردۆتەوە.

ئەفسەرێکی تری یەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند هێزەکانی ئەوان لە گەڕەکی ئینستار پێشوەچوونیان کردووە سەرەڕای شەڕێکی سەخت لەوێ.

کاربەدەستان دەڵێن هێزەکانی عێراقی لە ڕۆژهەڵات و باکوری شارەکە ئەو ناوچانەیان پاک دەکردەوە کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ئازادیان کردبوون بەرلەوەی زیاتر بەرەو ناوجەرگەی شارەکە برۆن. هاوکات لەشکری عێراقی هەوڵ دەدات ‌هێڵی هاتوچۆ بۆ ناو گەڕەکی تەل کەیفی باکوری موسڵ کۆنترۆڵ بکات.

لەو کاتەوەی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ لە 10 هەفتە لەمەوبەرەوە دەستیپێکردووە، ‌هێزەکانی کە ئەمەریکا پشتیوانیان دەکات نزیکەی چارەکێکی ئەو ناوچانەیان لە دەستی داعش ڕزگار کردووە . ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی زەمینییە لەو کاتەوەی کە لە ساڵی 2003 هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا ڕژێمی سەدام حسێنیان ڕوخاند.

گرتنەوەی موسڵ ڕەنگە ببیتە کۆتایی خەلافەتەکەی داعش، و سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر ئەلعەبادی ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێکخراوە هەتا مانگی 4 لە عێراق دەردەکرێن.

XS
SM
MD
LG