Accessibility links

ئاگربەستی سوریا بەردەوامە سەرەڕای چەند سەرپێچییەک


ئوسامە ئەبوزەیدی گروپی سەرەکی ئۆپزسیۆنی میانەڕەوی سوریا، لە میانەی کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی لە تورکیا ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە نیشان دەدات کە لە پێنج خاڵی سەرەکی پێکهاتووە.
ئوسامە ئەبوزەیدی گروپی سەرەکی ئۆپزسیۆنی میانەڕەوی سوریا، لە میانەی کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی لە تورکیا ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە نیشان دەدات کە لە پێنج خاڵی سەرەکی پێکهاتووە.

ئەو ئاگربەستە سەرتاسەریەی سوریا کە لەلایەن ڕوسیا و تورکیاوە ئەنجام دراو کاتژمێر 12 شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەمڕۆ هەینی بەردەوام بوو لە کاتێکدا چەند سەرپێچییەک تۆمار کراوە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا دەڵێت سەرلەبەیانی هەینی پێکدادان لە نێوان سوپای سوریاو سەرهەڵداوان لە پارێزگای حەما نزیک دیمەشقی پایتەخت ڕوویدا. بەڵام دەڵێت لەوەتای ئاگربەستەکە ڕاگەیەندراوە هیچ زیانێکی گیانی خەڵکی سیڤیل ڕانەگەیەندراوە. ئەو ڕێکخراوە دەشڵێت هێرشێکی ئاسمانیش کراوەتە سەر دۆڵی باردای ژێردەستی سەرهەڵداوان لە نزیک دیمەشق.

چالاکوانی ئۆپزسیۆن مازن ئەلسامی دانیشتوی ناوچەی دۆمای دەوروبەری دیمەشق بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاند پێکدادانێکی کەم لە نزیک بنکەکەی ئەو ڕوویداوەو بەهۆیەوە سەرهەڵداوێک بریندار بووە. چالاکوانێکی تر ئەحمەد ئەلمەسالم لە پارێزگای دەرعا دەڵێت، هێزەکانی حکومەت هێرشیان کردۆتە سەر ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان.

لە ڕابوردوودا چەندین هەوڵی ڕاگرتنی شەڕی سوریا سەرکەوتوو نەبووە. هەروەکو ڕێککەوتنەکانی ڕابوردوو بۆ ئاگربەست، ئەم ئاگربەستەش هەردوو گروپی توندڕەوی ئیسلامی، فەتح ئەلشام و داعش ناگرێتەوە.

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەم ئاگربەستە لەلایەن مۆسکۆو تورکیاوە مسۆگەر کراوە و ئێرانیش پێشوازی لێدەکات. مۆسکۆو تاران پشتیوانی لەشکری سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد دەکەن لە کاتێکدا تورکیا هەتا ئێستا لە بەرەیەکی جیاواز بوو و پشتیوانی سەرهەڵداوانی دەکرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف ئەو ئاگربەستەی بە دەستکەوتێکی مەزن لە قەڵەم دا و لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری نوسیویەتی " با پتەوی بکەین بە ڕیشەکێش کردنی تیرۆری توندڕەو."

ڕوسیاش دەڵێت ئەم ئاگربەستە لەلایەن 7 لایەنی سەرەکی سەرهەڵداوانەوە مۆر کراوە هەرچەندە هیچ کامیان دەستبەجێ پشتڕاستیان نەکردۆتەوە و لایەنێکیش ڕەتی کردۆتەوە کە مۆری کردبێت.

XS
SM
MD
LG