Accessibility links

کرستیانە عێراقییەکان جەژنی کرسمس لە شارۆچکەیەکی نزیک موسڵ دەکەن


چەند سەد کرستیانی عێراقی ڕۆژی شەممە گەڕانەوە شارۆچکەی بەرتەڵە، کە بەمدواییانە لە دەستی داعش ڕزگار کرا، بە مەبەستی گێڕانی یەکەم جەژنی کرسمسیان لەوێ لەوەتای ساڵی 2013وە.

بەرتەڵە شوێنی ژیانی هەزاران کرستیانی ئاشوری بوو کە لە مانگی 8 ی ساڵی 2014 چۆڵ کرا کاتێک کەوتنە ژێر دەستی داعش لە کاتێکدا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە بەشێکی زۆری عێراق و سوریای کۆنترۆل کرد. هێزەکانی عێراقی لە چەند ڕۆژی سەرەتایی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ بە پشتیوانی ئەمەریکا، بەرتەڵەیان ڕزگار کرد.

قەشە موسا شیمالی لە ڕێوڕەسمێکی بەر لە دەستپێکردنی جەژنی کرسمس لە کڵێسای مارشیمۆنی گوتی " هەستی دوو لایەنەیە هەم خۆشحاڵە و هەمیش خەمبارە"

ئەو قەشەیە گوتی " ئێمە خەمبارین کە دەبینین چی بەسەر پیرۆزترین شوێنمان هاتووە لەلایەن خەڵکی وڵاتەکەی خۆمانەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا خۆشحاڵیشین کە یەکەم نوێژی لێ دەکرێت لە پاش دوو ساڵ."

ناوچەی نەینەوا یەکێکە لە شوێنە دێرینەکانی نیشتەجێگای کرستیانەکان کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیەکی 2 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا.

داعش هەمو کەسێکی جگە لە موسوڵمانی سوننە دەکردە ئامانج، و سزایەکی توندی ئەو سونانەشی دەدا کە فەرمانەکانیان بەجێ نەدەگەیاند.

کرستیانەکانی ناوچەکە دەبو سەرانەیەکی زۆر بدە یان ببن بە موسوڵمان ئەگینا سەریان دەپەڕاندن. زۆربەی کرستیانەکان هەڵاتن بۆ هەرێمی کوردستان.

ئێستاش پاش ڕزگارکردنی بەرتەڵە ماوەیەکی پێدەچێت هەتا خەڵکی بتوانن بگەڕێنەوە ئەو شارۆچکەیە کە بەبێ هەمو خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانە و زۆربەی باڵەخانەکان نیشانەی شەڕەکەی پێوە دیارە.

شروک تۆفیقی تەمەن 52 ساڵان کە خانمێکی ماڵەوەیەو ئاوارە بووە بۆ شاری هەولێر دەڵێت " ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژی ژیانمە، هەنێک جار بیرم دەکردەوە کە ڕەنگە هەرگیز نەتوانم بگەڕێمەوە ئێرە".

لە ئێستاشدا ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ بەردەوامە شەڕەکە چەند کیلۆمەترێک زیاتر چۆتە ڕۆژئاوای شارەکەوە. ملیتانەکان تکەڵ بە خەڵکی سڤیل بوون ئەمەش شەڕەکەی سەخت کردووە.

وا مەزەندە دەکرێت نزیکەی ملیۆنێک کەس لەو ناوچانەدا بژین کە لە ژێر دەستی داعشدان لە ناو شاری موسڵ ئەمەش شەڕی دژ بەو توندرەوانەی ئاڵۆز کردووە.

XS
SM
MD
LG