Accessibility links

سەرۆکی نایجیریا: لەشکری وڵاتەکە بنکەی سەرەکی بۆکۆ حەرامی کۆنترۆڵ کردووە


محەمەدۆ بوهاری سەرۆکی نایجیریا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لەشکری نایجیریا دەستیگرتووە بەسەر بنکەیەکی سەرەکی بۆکۆ حەرام، لە ناوچەی دارستانی سامبیسا کە ئەو گروپە ملیتانە لەوێ بەهێزن.

بۆکۆ حەرام نزیکەی 15 هەزار کەسی کوشتووەو زیاتر لە 2 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە لە ماوەی یاخیبوونی 7 ساڵەی بە مەبەستی دامەزراندنی حکومەتێکی ئیسلامی لە سەر بنچینەی شەریعە لەو وڵاتەی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئافریکا.

ئەو گروپە جیهادییە لە سەرەتای ساڵی 2015 ناوچەیەکی گەورەی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی کۆنترۆڵ کرد کە بە ئەندازەی وڵاتی بەلجیکا دەبێت، بەڵام لە ماوەی ساڵی ڕابوردووەوە لەلایەن لەشکری نایجیریا و سەربازانی وڵاتانی دراوسێوە لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیە دەرکراون و بنکەی سەرەکیان گواستەوە بۆ سامبیسا.

سەرۆکی نایجیریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " لەلایەن بەرپرسی هێزە لەشکرییەکانەو پێم گوتراوە ئەو بنکەیە لە نزیکەی کاتژمێر 1:35 خولەکی پاش نیوەڕۆژی ڕۆژی هەینی 23 ی مانگی 12 کۆنترۆڵ کرا، تیرۆرستەکانیش لە شکستدان و چی تر شوێنی خۆ شاردنەوەیان نەما."

چەند هەفتەیەک لەمەو بەر لەشکری نایجیریا هێرشێکی گەورەی بۆ سەر ئەو بۆکۆ حەرام لەو دارستانە دەستپێکرد. ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە هەواڵەکە لەلایەنێکی سەربەخۆوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئایە ئەو بنکەیە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کراوە یان نا.

لەشکر لە چەند ڕۆژی ڕابوردۆوە دەڵێت بۆکۆ حەرام لەو دارستانە ڕادەکەن و لە ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بوونەتەوە و بە خەڵکی ناوچەکە ئاگادار کراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG