Accessibility links

خەڵکی حەلەب دەست دەکەن بە گەڕانەوە بۆ سەردانی ماڵەکانیان لە شارەکە


سەدان سوریایی ڕۆژی هەینی گەڕانەوە حەلەب بۆ ئەوەی سەردانی ماڵەکانیان بکەن پاش ئەوەی سەرهەڵداوان لە ڕۆژی پێنجشەممە بە تەواوەتی شارەکەیان چۆڵ کرد.

دانیشتوان چوونە ناو ئەو گەڕەکانەی کە بەم دواییانە زۆر مەترسیدار بوو و شوێنی مەیدانی شەڕ بوو بۆ حەلەب، ئەوان بە ناو داروپەردوی ماڵە ڕووخاوەکان دەگەڕان بۆ شتە تایبەتەکانی خۆیان. ژمارەیەک لەوانە بۆ نزیکەی 5 ساڵە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.

لە کاتێکدا بەشێکی زۆری شارەکە لە شەڕ ڕزگاری بووە، بەڵام لە هەندێک بەشی شارەکە توندوتیژی هەر هەیە. تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی سوریا ڕایدەگەیەنێت سەرهەڵداوان لە دەرەوەی حەلەب ڕۆژی هەینی گەڕەکێکی ناو شارەکەیان بۆردومان کردووەو لە ئەنجامدا سێ کەس کوژراون.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا، کە چاودێری توندوتیژییەکان دەکات، دەڵێت بۆ یەکەم جار لەو کاتەوەی ئۆپەراسیۆنی یەک هەفتەیی چۆڵکردنی حەلەب دەستیپێکرد ڕۆژی هەینی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان لە دەرەوەی شارەکە دەستیپێکردەوە.

هەر لە ڕۆژی هەینی ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند ڕوسیا، ئێران، تورکیا و سوریا قائیل بوون بە بەستنی کۆنگرەیەکی ئاشتی لە ئەستانای پایتەختی کازاخ بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی سوریا.

لە میانەی لێدواێکیدا لە کۆتا کۆنفراسی ساڵانەدا، پوتن ڕایگەیاند چۆڵکردنەکەی ئەم دواییانەی حەلەب " گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مرۆیی نێونەتەوەیی بوو لە جیهانی مۆدێرندا" و ئەمە شیانی ئەنجامدانی نەدەبوو بەبێ هەوڵەکانی ڕوسیا، تورکیا و ئێران و نیازباشی و کارەکانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد.

پوتن ڕایگەیاند هەنگاوی داهاتوو بۆ سوریا پێویستە ئاگربەستێکی سەرتاسەری بێت. چاوەڕوان دەکرێت وتووێژی ئاشتی ئەستانا لە مانگی 1 دا ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە حکومەتەکەی ئەسەد ڕایگەیاند لەوەتای ساڵی 2012 وە بۆ یەکەمین جار بە تەواوەتی کۆنترۆڵی تەواوی حەلەبی گرتۆتەوە دەست.

XS
SM
MD
LG