Accessibility links

ترامپ: پێویستە ئەمەریکا بە شێوەیەکی فراوان توانایی ناوکی بەهێز بکات


سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو داوای کرد کە ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو توانایی ناوکی بەهێزترو فراوانتر بکات " هەتا ئەو کاتەی کە تەواوی جیهان هەست بە چەکی ناوکی بکەن."

ئەم لێدوانەی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایتەی تویتەر چەند کاتژمێرێک پاش ئەوە بوو کە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن گوتی بەهێزکردنی توانیی ناوکی وڵاتەکەی پێویستە ببێت بە ئامانجی سەرەکی لەشکری لە ساڵی داهاتوودا. پۆستەکەی تویتەری سەرۆکی هڵبژێردراو ڕۆژێک پاش کۆبونەوەیەکیشی بوو لەگەڵ کاربەدەستانی بەرگری لە پەنتاگۆن.

ترامپ کە پشوی کرسمس و سەری ساڵی نوێی لە یانەیەکی تایبەتی خۆی لە فلۆریدا بەڕێدەکات وردەکاری لەسەر بابەتەکە نەداوە.

گوتەبێژ جەیسن میلەر گوتی سەرۆکی هەڵبژێردراو مەبەستی هەڕەشەی بڵاو بوونەوەی چەکی ناوکییە " بە تایبەتی لە ناو ڕێکخراوە تیرۆرستەکاندا و ڕژێمە ناسەقامگیر و نا ڕاستگۆکاندا". میلەر گوتی ترامپ پێی وایە نوێکردنەوەی توانایی ناوکی وڵاتەکە ڕێگایەکی دروستە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی بە ڕێگای بەهێزبوون.

ئەگەر ترامپ هەوڵی زیادکردنی ناوکی عەمبارکراو بدات ئەمە دەبێتە گۆرانکارییەکی خێرا لە ڕێبازی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا. سەرۆک باراک ئۆباما بڵاو نەبوونەوەی چەکی ناوکی کرد بە ئەرکی سەرەکی ئەجێندای خۆی لە ساڵی 2009 داوای کرد ئەمەریکا ڕێبەرایەتی هەوڵەکان بکات بۆ ئەوەی چەکی ناوکی لە جیهاندا نەهێڵێت، کە گوتیشی ئەم ئامانجە بە ئاسانی و خێرایی نایەتە دی.

هەرچەندە ئەمەریکا بەردەوام بووە لە بەرنامەکانی بۆ نوێکردنەوەی چەکی ناوکی کۆنی. لە سەرەتای ئەم ساڵ وەزیری بەرگری ئاشتن کارتەر ڕایگەیاند پەنتاگۆن بەرنامەی هەیە کە 108 ملیار دۆلار لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوو بۆ بەردەوام بوون و پێشکەوتنی هێزی ناوکی تەرخان بکات.

XS
SM
MD
LG