Accessibility links

حکومەتی سوریا پاش 4 ساڵ تەواوی حەلەب کۆنترۆڵ دەکات


ڕۆژی پێنجشەممە بۆ یەکەم جار پاش چوار ساڵ حکومەتی سوریا بە تەواوەتی کۆنترۆڵی حەلەبی گرتەوە دەست پاش ئەوەی دوا بەشی چەکدارانی ئۆپزسیۆن و کەسانی سڤیل بە پاس دەرچوون لە ڕۆژهەڵاتی حەلەبی بە شەڕ وێران بوو.

چۆڵ کردنی ڕۆژهەڵاتی حەلەب کۆتایی هێنا بە دڕندانە ترین قۆناغی شەڕی شەش ساڵەی ناوخۆی سوریا، و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی بەشار ئەسەد دەسەڵاتی بسەپێنێتەوە بەسەر گەورەترین شاری وڵاتەکەو پایتەختی بازرگانی پێشوو. ئەمەش بوو بە گەورەترین سەرکەوتن بۆ ئەسەد لەوەتای سەرهەڵدانی دژ بە دەسەڵاتی زیاتر لە 40 ساڵەی خێزانەکەی لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد.

پاش دەرچوونی دوواین چوار پاسی کە چەکدرانی سەرهەڵداونی تێدا بوو، تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی سوریا ڕایگەیاند کە هێزەکانی سەر بە ئەسەد بە تەواوەتی کۆنترۆڵی شارەکەیان گرتۆتە دەست.

ژەنەڕاڵێکی لەشکری ڕایگەیاند " سوپاس بۆ خوێنی شەهیدە قارەمانەکانمان، لە سایەی قوربانیی قارەمانانەی هێزە لەشکرییەکانما و هێزەکانی هاوپەیمانانمان و خۆڕاگری گەلەکەمان ئاسایشی و سەقامگیری گەڕایەوە بۆ حەلەب".

لەگەڵ دەرچوونی ئەو هێزانە لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب تەقەی خۆشی لە ڕۆژئاوای حەلەب دەستیپێکرد تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ژمارەیە هێزی نیشتان دەدا کە هاواریان دەکرد حەلەب، حەلەب.

و پەیامنێرەکەی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی سوریاش کە کۆمەڵێک خەڵک بە ئاڵای سوریاوە دەوریان دابوو گوتی چیتر ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای حەلەب نەما ئیتر هەمو حەلەب هاتەوە و هەموان خەڵکی حلەبن.

XS
SM
MD
LG