Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت دەنگی نوێنەران هەڵبژاردنی ترامپ پشتڕاست بکاتەوە


قۆناغی داهاتووی هەڵبژاردنی ئاڵۆزی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە دەستپێدەکات، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت بە دەنگی نوێنەران ( ئلکترۆل کۆلیج) بوونی دانۆڵد ترامپی ملیۆنێر بە 45هەمین سەرۆکی وڵاتەکە پشتڕاست بکرێتەوە.

ئەمەریکاییەکان لە سەرەتای مانگی 11 وە دەزانن کە ترامپ دەچێتە کۆشکی سپی کاتێک کە لە 20 ی مانگی 1 سوێندی یاسای دەخوات. هەرچەندە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا بە دەنگی زۆرینەی خەڵی نیە، بەڵکو بەدەنگی ئەو نوێنەرانەیە کەلە ئەنجامی دەنگەکانی هەر 50 ولایەتەکەو پایتەختی وڵاتەکەوە دەیدەن.

بە شێوەیەکی گشتی هەر کاندیدێک زۆرینەی دەنگی خەڵکی ولایەتەکە بەدەستبهێنێت ئەوا هەمو دەنگی نوێنەران (ئلکترۆل کۆلیج )ی ولایەتەکە دەباتەوە، کە ژمارەی ئەو نوێنەرانەش بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی ولایەتەکە دیاری کراوە. ڕۆژی دووشەممە 538 نوێنەر لە پایتەختی ولایەتەکانی کە نوێنەرایەتی دەکەن دەنگی خۆیان دەدەن.

کاندیدی دیموکراتەکان و وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمەریکا هێلەری کڵنتن بە نزیکەی 2 ملیۆن و 9 سەد هەزار دەنگی خەڵکی لە پێش دانۆڵد ترامپە. بەڵام ترامپی کۆماری بە شێوەیەک سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە لە زۆربەی ولایەتەکان پێشبڕکێکەی بردەوە کە ئەویش دەکاتە نزیکەی 306 دەنگی نوێنەر بەرامبەر 232 بۆ کڵنتن. بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان پێویست بە بەدەستهێنانی 270 دەنگی نوێنەر (ئلیکترۆل کۆلیج) بوو.

کڵنتن لە ولایەتی کالیفۆرنیا و نیویۆرک زۆرینەیەکی زۆری دەگی بەدەستهێنا ئەمەش وایکرد دەنگی خەڵکی لە سەرانسەری ئەمەریکا زۆرتر بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا ترامپ لە ولایەتەکاندا سەرکەوتنی زیاتری هێنا کە لە هەندێک باردا دەنگەکان زۆر لەیەکەوە نزیک بوون بەڵام هەرچەندە جیاوازییەکەش کەم بێتە دەنگی نوێنەران بۆ ئەو دەڕوات.

ئەمە ڕەنگە پێنجهەمین جار بێت لە مێژووی ئەمەریکادا و دووهەمین جار لە ماوەی 16 ساڵی ڕابوردوو کە ئەو کاندیدەی زۆرینەی دەنگی خەڵکی بەدەستهێناوە دەنگی گرنگی نوێنەرانی نەبردۆتەوە.

لە زۆربەی ساڵی هەڵبژاردندا ڕۆژی دەنگدانی نوێنەران ( ئلیکترۆل کۆلیج) شتێکی ئاسایی بووە. بەڵام لەم ساڵدا وەها نییە.

بەهۆی زۆر لە یەکنزیکبوونی زۆری دەنگەکان و پێشبڕکێیەکی زۆر مشتومڕ لەسەر و بەردەوام بوونی دژایەتی کردنی سەرکەوتنی تراپ لەلایەن پشتیوانانی کڵنتنەوە، هەزاران ئەمەریکایی 306 نوێنەرەکەی کە دەنگیان بۆ کۆمارییەکان دەبێت بڕوات، ئیمەیلباران و تەلەفۆنباران کردووە و داوایان لێدەکەن ترامپ ڕەت بکەنەوە بەوەی کە دەنگ بۆ کڵنتن بدەن یان بۆ کەسێکی تری کۆماری کە زیاتر پەسەند بکرێت.

لە بارێکی کە ڕەنگ شیانی ڕوودانی زۆر نییە، ئەگەر 37 دەنگی نوێنەرانی کە دەبێت بدرێت بە ترامپ دەنگی پێ نەدەن و ببێت بە 296 دەنگ و وەکو یەکی لێ بێت ئەوکاتە ئەنجومەنی نوێنەرانی زۆرینە کۆماری سەرۆک هەڵدەبژێرن. هەرچەندە زۆربەی نوێنەران بەستراون بە یاسای ولایەتەکەیانەوە بۆ ئەوەی دەنگ بدەن بەو کاندیدەی کە زۆرینەی دەنگی ولایەتەکەی بەدەستهێناوە. و ئەگەر یاساش نەبێت وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی دەبێت دەنگیان بۆ ئەو کاندیدە بچێت کە خەڵکی ولایەتەکەیان هەڵیان بژاردووە.

بەڵام ئەوەش نییە کە هەرگیز لە سیاسەتی ئەمەریکادا ڕووی نەدابێت کەسێک دەنگی لە دژی خواستی زۆرینەی ولایەتەکەی بدات، هەبووە بەڵام زۆر کەم و دەگەمەن بووە لەوکاتەوەی کە لە ساڵی 1789 وە سیستەمی ئلیکترۆل کۆلیج دامەزراوە.

ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندنی ئەمەریکا کە وتووێژیان لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی 2016 ئەنجام داوە دەڵێن زۆرینەی ڕەها پلانیان وایە پشتیوانی لەو کاندیدە بکەن کە براوەی دەنگەکانی ولایەتەکەیانە، تەنها یەکێکیان نەبێت ئەوەیش کرس سپرون لە ولایەتی تێکساس گوتویەتی دەنگ بۆ ترامپ نادات.

سپرون بە دەنگی ئەمەریکای گوتووە " تەنها من نیم ، پێم وابێت ئێمە کار دەکەین تا بگەین بەو 37 دەنگەی کە وا بکات بڕیارەکە بکەوێتە دەست ئەنجومەنی نوێنەران."

بەڵام ئامادە نەبوو بڵێت بە نیازە ڕۆژی دووشەممە دەنگ بۆ کێ بدات. ئەو گوتیشی ترامپ ئەوەی سەلماندووە کە کەسێکی تێکدەرە، بەدەوام هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی کە ڕەخنەی لێدەگرن لەو کاتەوەی کە هەڵبژێردراوە هەر وەکو چۆن لە هڵمەتەکاندا دەیکرد.

ژمارەیەک لە شارەزایانی سیاسی پێیان وایە ڕەنگە بێجگە لە سپرون کەسی تریش دەنگ دژی خواستی زۆرینەی ولایەتەکەی بدات، بەڵام هەتا ئەو کاتەی لە 6 ی مانگی 1 دەنگی نوێنەران نەژمێردرێت کەس بە دڵنیاییەوە نازانێت.

ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە پۆستێکی تویتەریدا ڕەخنەی لەو هەوڵانە گرتووە بۆ دژایەتی کردنی. نوسیویەتی " ئەگەر زۆربەی پشتیوانەکانی من بەو شێوەیەی ئەوانەی کە هەڵبژاردنەکە دۆڕاون ڕەفتاریان بکردایە، ئەوان سەرزەنشت دەکران و پێیان دەگوترا ئاژاوەگێر."

دامەزرێنەرانی ئەم وڵاتە مشتومڕیان لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن سەرۆک هەڵبژێردرێت، ئەوان بڕیاریان دابوو بە دەنگی زۆرینەی خەڵکی نەبێت لە ترسی ئەوەی نەکا ڕێژەی زۆری دانیشتوانی ولایەتە گەورەکان کۆنترۆڵێکی تەواوی دەرەنجامەکە بکەن. ئەوان لەسەر سیستەمی دەنگی نوێنەران (ئلیکترۆل کۆلیج) ڕێککەتن بۆ ئەوەی تەنانەت بچووکترین ولایەتیش بەلایەنی کەم سێ دەنگی نوێنەری هەبێت.

لە ئێستادا 7 ولایەت و شاری واشنتۆن هەر یەکەو سێ دەنگی نوێنەریان هەیە. و ولایەتی کالیفۆرنیا لە کەناری پاسفیک 55 دەنگی نوێنەری هەیە کە زۆرترینە.

XS
SM
MD
LG