Accessibility links

پاسەکانی گواستنەوەی خەڵکی دەچنە نێو حەلەب


ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی دەوڵەتی سوریا ڕادەگەیەنێت ئەمڕۆ یەکشەممە پاسەکانی گواستنەوەی خەڵکی لە ژێر چاودێری مانگی سوور و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی خاچی سوور دەستیان کردووە بە چوونە نێو چەند گەڕەکێکەوە لە حەلەبی بە شەڕ وێران بوو بە مەبەستی گواستنەوەی ئەو خەڵکە سڤیلە و سەرهەڵداوانەی کە ماونەتەوە.

دەیان هەزار کەس لەوێ گیریان خواردووە و خەڵکە سڤیلە پەرۆشەکان و سەرهەڵداوان چاوەڕوانی دەسپێکردنەوەی پرۆسەی چۆڵکردنەکە دەکەن.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ئیلۆدای شاندلەر گوتەبێژی خاچی سوری نێونەتەوەیی ICRC هیوای پێیان بەخشی کاتێک گوتی ڕێکخراوەکەی " ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دەرکردنی خەڵکی لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب، بەهیوام لەم سەرلەبەیانییەوە دەستپێبکات".

چاوەڕوان دەکرێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە دەنگ بدات لەسەر ئەوەی ئایە چاودێر بنێرێت بۆ سوریای بەشەڕ وێران بوو تا چاودێری چۆڵ کردنی حەلەب بکەن و هاوکار بن بۆ پاراستنی ئەو سڤیلانەی کە دەمێننەوە.

ئەنجومەنەکە تاوتوێی پێشنازێکی فەرەنسا دەکات کە تیایدا ئاماژە بە نیگەرانی لەمەڕ قەیرانی مرۆیی لە ناو شارەکەوە دەوروبەری کراوە.

چاوەڕوان دەکرێت دەنگدانەکەی یەکشەممە وەکو چەندین بڕیاری تری ئەم ساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ڕوسیای هاوپەیمانی سەریاوە ڕەخنەی لێ بگیرێت، کە پێشنیازەکانی پێشوتری بۆ ئاگربەست ڤیتۆ کرد.

چاودێران دەڵێن بەلایەنی کەم 400 هەزار کەسی سڤیل و دووا بەشی چەکدارەکانی سەرهەڵداوان ڕۆژی یەکشەممە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چۆڵکردنەکەیان دەکرد، پاش ئەوەی ئەو پڕۆسەیە لە ڕۆژی هەینی لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە ڕاگیرا. ئەو ڕاگرتنەش لە کاتێکدا بوو کە هێزەکانی سەر بە حکومەت داوای چۆڵ کردنی دوو گوندی شیعەنشینیان کرد کە لە ئێستادا لە لایەن سەرهەڵداوانەوە گەمارۆ دراون.

حکومەتی سوریا گورتیشی سەرهەڵداوان ڕێککەوتنی چۆڵکردنەکەیان شکاندووە بەوەی کە هەوڵیان داوە چەکی قورس و بارمتەکان بە قاچاخ لە حەلەب بەرنە دەرەوە. سەرهەڵداوانیش دەڵێن حکومەت سەرپێچی لە ڕێککەوتنەکە کردووە.

XS
SM
MD
LG