ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق سروه عبدول واحید هه‌فته‌ی ڕابردوو لێدوانی دابوو، وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ده‌ڵێت گوایه سووکایه‌تی به‌ئافره‌ت به‌تایبه‌تی به که‌سوکاری شه‌هیدان کردوه، تارق حه‌رب شاره‌زایه‌کی یاسایی و پارێزه‌ری عێراقیه ده‌ڵێت "قسه‌کانی سروه ده‌چێته خانه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه و له‌ڕووی یاسایی‌یه‌وه تاوان نیه و هیچ سزادانێکی یاسایی نایگرێته‌وه"، پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه بۆچی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان ئه‌م پرسه‌ی گه‌وره‌کرد و هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌جلووبه‌رگی سه‌ربازی خاوێنه‌وه کۆکرده‌وه و خۆپیشاندانیان کرد، له‌کاتێکدا ئه‌م هێزه خاوێنه‌مان له‌سه‌روه‌خته‌ی گرتنی شه‌نگالدا نه‌دی وه‌ک پشتیوانیه‌ک بۆ کچان و ژنانی ئێزدی که که‌وتنه ده‌ست داعش و خۆپیشاندانیان بۆ نه‌کردن.
له هه‌ولێر و له زۆنی زه‌ردا دژ به سروه خۆپیشاندان کرا، به‌ڵام ئه‌بینین له زۆنی سه‌وزدا هیچ نه‌کرا، ئایا ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌ێنیت خۆپشاندانی هه‌ولێر بۆ مه‌به‌ستی سیاسی به‌ڕێوه‌چوو.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌نگی ئه‌مریکا گفتووگۆی له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و چالاکوانی مافی ژنان تاڤگه سابیر کردوه.
تاڤگه ده‌ڵیت، خۆپشاندانی هه‌وڵێر بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی و ده‌یه‌وێت بڵێت من له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆمم. هه‌روه‌ها ده‌شه‌ڵێت ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت ئه‌مه له‌ڕووی سیاسیه‌وه بۆ ده‌نگدانی داهاتوو به‌کاربێنێت و ئه‌و شکسته‌ی له‌به‌غدا به‌ده‌ستیهێناوه بیشارێته‌وه.
زانیاری زیاتر له ده‌قی گفتووگۆکه‌دایه، ووریا کاڵی ئه‌م ووتوێژه‌ی کردوه.