Accessibility links

ئەمەریکا 25 ملیۆن دۆلار بۆ زانیاری لەسەر ئەلبەغدادی تەرخان دەکات


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاداشتی 25 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ هەرکەسێک کە جۆرە زانیاریەک بدات لە سەر ڕێبەری داعش ئەبو بەکر ئەلبەغدادی کە ببێت بە هۆی دەستگیر کردنی.

بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی زیاد کردنی ئەو پاداشتەی ڕاگەیاند کە پێشتر 10 ملیۆن دۆلار بوو، و دەشڵێت هەڕەشەکانی کە بەهۆی بەغدادی هاتۆتە ئاراوە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

ئەم پاداشتە دەدرێت بە هەرکەسێک کە بتوانێت ئەو زانیارییانە بدات کە بە پێی ئەوە بتوانرێت شوێنی بغدادی ئاشکرا بێت یان دەستگیر بکرێت.

وەزارەتی دەرەوە دەڵێت " لە ژێر ڕێبەرایەتی ئەلبەغدادی، داعش بەرپرسیار بووە بەرامبەر کوشتنی هەزاران کەسی سڤیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ناویاندا کوشتنی دڕندانەی ژمارەیەک بارمتەی سڤیلی ژاپۆنی، بەریتانی و ئەمەریکایی."

دەشڵێت داعش چەندین هێرشی تیرۆرستی لە دەرەوەی ئەو سنورەی کە بە خەلافەتی خۆی ڕایگەیاندوە ئەنجام داوە.

بەغدای دوو ساڵ لەمەوبەر خۆی بە ڕێبەری خەلافەتێکی ئیسلامی ڕاگەیاند. بە شێوەیەکی گشتی کەم خۆی دەرخستووە، بەڵام مانگی ڕابردوو پەیامێکی دەنگی بڵاو کردەوە کە تیایدا داوا لە پشتیوانانی دەکات کە بەرگری لە شاری موسڵی عێراق بکەن کە لە ژیر دەستی داعشدایە.

شوێنی بەغدادی نادیارە، بەڵام هەندێک لەو بڕوایەدان کە ڕەنگە لە ناو موسڵ یان ناوچەکانی دەوروبەری بێت نزیک سنوری سوریا.

کاربەدەستان لەو بڕوایەدان بەهۆی هێرشە لەشکرییەکان بۆ سەر شاری موسل بەغدادی و کاربەدەستە باڵاکانی داعش شوێنەکانی خۆیان زۆر دەگۆڕن بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن.

چەند جارێک لە ڕاپۆرتەکاندا برینداربوونی بەغدادی یان کوژرانی ڕاگەیەندراوە بەڵام هەرگیز پشتڕاست نەکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG