Accessibility links

کاردارێکی موسوڵمان گەورەترین داری کرسمس لە پایتەختی عێراق دادەنێت


کاردارێکی موسوڵمان بەرزترین داری کرسمسی لە بەغدا داناوە وەکو هاوسۆزی دەربڕین بۆ کرستیانەکان لە دەمی وەرزی جەژنی کرسمسدا.

یاسر سەعد بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاند ئەم دەستپێشخەرییە بە مەبەستی بەشداریکردنی جەژنی برا کرستیانەکانمانە و هاوکاریکردنی عێراقییەکانە تا ئازارەکانیان بیربچێتەوە، بە تایبەرتی شەڕی موسڵ کە ‌هێزکانی عێراق لەوێ شەڕی دژ بە داعش دەکەن.

ئەو دارە دەستکردەی کە بەرزییەکەی نزیکەی 26 مەترەو ڕووبەرەکەشی 10 مەترە لە ناوەندی پارکێکی بەغدای پایتەختی عێراق دانراوە. سەعد گوتیشی دارەکەو ڕازانەوەو دانانەکەی نزیکەی 24 هەزار دۆلاری تێچووە.

سەباح ئیسماعیل مامۆستایەکە لە بەغدا لە دەمێکدا کە خوێندکارەکانی تەماشای وێنەکانی قەد درەختەکەیان دەکرد ڕایگەیاند " ئەم دارە گوزارشت لە خۆشەویستی و ئاشتی دەکات، هیوادارم هەمو کرستیانەکانی عێراق بتوانن بگەڕێنەوە عێراق و بە ئاشتی ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەربەرن."

لە پاش ساڵی 2003 وە کرستیانەکان بە ڕێژەیەکی زۆر عێراق جێدەهێڵن. ئەوان بوون بە ئامانجی هێرشی توندڕەوان لە عێراقدا.

لە پاش داگیرکردنی موسل لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە هەزاران کرستیان شارەکەیان چۆڵ کرد. ئەو ڕێکخراوە توندرەوە ئیسلامییە فشاری دەبرد بۆ کرستیانەکان ببن بە موسوڵمان یان سەرانە بدەن و زۆربەی جاریش موڵکو ماڵیانی داگیر دەکرد.

XS
SM
MD
LG