Accessibility links

یه‌ک ملیارد حیسابی به‌کارهێنه‌رانی یاهوو هه‌ک کراوه


یاهوو

کۆمپانیای یاهوو ده‌ڵێت زانیاری زیاتر له یه‌ک ملیارد حیسابی به‌کارهێنه‌رانی یاهوو له ڕێگای پێگه‌ی خه‌زن کردنی زانیاری که لای لایه‌نێکی سێهه‌م بووه هه‌ک کراوه. یاهوو ده‌ڵێت ئه‌و هێرشه نوێ نیه و ئه‌گه‌رچی ئه‌وان به‌م دواییانه پێیان زانیوه به‌ڵام هێرشه‌که ساڵی ۲۰۱۳ ڕووی داوه.

یاهوو که کۆمپانیایێکی گه‌ڕانی ئێنتێرنێتی و ئیمه‌یڵی خۆڕاییه ده‌ڵێت وه‌ک دیاره ئه‌م هێرشه جگه له‌و هێرشه‌یه که هه‌واڵه‌که‌ی مانگی ۹ بڵاو بوه‌وه و نزیک به ۵۰۰ ملیون حیسابی به‌کارهێنانی یاهووی ده‌گرته خۆی و ساڵی ۲۰۱۴ ڕووی دابوو.​

یاهوو ده‌ڵێت له‌م هێرشه که تازه بۆیان ئاشکرا بوه، هه‌کێره‌کان ده‌ستیان به نێوی به‌کارهێنه‌ران، ڕه‌قه‌می ته‌له‌یفوونه‌کانیان، ڕه‌مزی حیسابه‌کانیان و ئه‌دره‌سی ئیمه‌یله‌کانیان ڕاگه‌یشتوه به‌ڵام زانیاری سه‌باره‌ت به حیسابه بانکیه‌کانی به‌کارهێنه‌ران و هاتوو و چۆی دڕاویان پارێزراوه. یاهوو ده‌ڵێت به‌کارهێنه‌رانی یاهوو پێویسته ڕه‌مزه‌کان و پرسیاره ئه‌منیه تایبه‌ته‌کانیان زۆر زوو بگوڕن.

جێگای ئاماژه‌یه که کۆمپانیای ته‌له‌یفوون و ئێنتێرنێتی ئه‌مه‌ریکایی ورایزون خه‌ریکی کڕینی کۆمپانیای یاهوو به به‌های ۴ ملیارد و ۸۰۰ ملیون دۆلاره. ئێستا باسی ئه‌وه هه‌یه که ئه‌گه‌ر هه‌واڵی هه‌ک کردنی یه‌ک ملیارد حیسابی به‌کارهێنه‌ران ببێته هۆی ناڕه‌زایه‌تی به‌کارهێنه‌رانی یاهوو، ڕه‌نگه ورایزۆن له کڕینی یاهوو په‌شیمان بێته‌وه.​

پێشتر کاتێک مانگی ۹ی ئه‌مساڵ هه‌واڵی هه‌ک کردنی ۵۰۰ ملیون حسیابی به‌کارهێنانی یاهوو له ساڵی ۲۰۱۴ بڵاو بوه‌وه، یاهوو وتبووی ئه‌وان له سه‌ر ئه‌و باوه‌رن که هێرشه‌که له لایه‌ن حکوومه‌تێکه‌وه ئه‌نجام دراوه. به‌ڵام یاهوو ئاماده نه‌بوو بڵێت چ حکوومه‌تێک به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کات.

یاهوو هه‌ر له مانگی ۹وه که‌وتوه‌ته ژێر پرسیار و گوشارێکی زۆری له سه‌ره تا ڕوونی بکاته‌وه بۆچی له کاتێکدا زیاتر له یه‌ک ساڵ بوو به هێرشه‌که‌ی ساڵی ۲۰۱۴‌یان زانیبوو ئاوا دره‌نگ هه‌واڵی ئه‌و هێرشه‌یان ڕاگه‌یاند؟

XS
SM
MD
LG