Accessibility links

دوو ژنی ئێزدی خەڵاتی سەخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا وەردەگرن


دوو ژنی ئێزدی کە لە دەستی داعش ڕزگاریان بووە، نادیە موراد و لەمیا بەشار خەڵاتی سەخارۆڤی یەکێتی ئەوروپایان بۆ مافەکانی مرۆڤ وەرگرت. هەردوکیان دەڵێن ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان تا ببن بە دەنگی هەمو ئەوانەی کە هەمان مەینەتی ئەمانیان هەیە.

لەمیا بەشار لە دەمی وەرگرتنی خەڵاتەکە لە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەم خەڵاتە باڵایەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەمو ئەو ژن و کچانەیە کە دەستدرێژی سێکسی لەلایەن داعشەوە کراوەتە سەریان.

نادیە موردادیش باسی لە مەینەتییەکانی ئێزدیەکان کرد و باسی لە چارەنوسی نادیاری نیو ملیۆن هاووڵاتی ئێزدی کرد.

ئەوان لە بەردەم پەرلەمانتارانی ئەوروپا باسیان لە ئاینەکەیان و ڕزگاربوونیان لە دەستی داعش کرد، بەڵام جەختیشیان لەوە دەکردەوە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پێویستە ئێزدیەکانی باکوری عێراق بپارێزێت.

هێشتا سەدان ژن و کچی ئێزدی لە ژێر دەستی داعشدان لە سوریا و عێراق.

خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوە بە ناوی ئەندرێ ساخارۆڤ زانای ئەتۆمی ڕووسی ناونراوە کە ژیانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و بیری ئازاد تەرخان کردبوو. ئەم خەڵاتە لە ساڵێ 1988 لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپا دامەزرا.

XS
SM
MD
LG