Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆدەبێتەوە


وه‌زيرى به‌رگرى ئه‌مريكا ئاشتن کارتەر گه‌يشته‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى هه‌رێمى كوردستان و له‌ لايه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مەسعود بارزانی و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى باڵاى حكوومه‌تی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەواڵەکەی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت "لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و هێزی پێشمەرگە كرد لە سەركردایەتیكردنی شەڕی داعش و تێكشكاندنی تیرۆریستان و هەروەها پێزانینی بۆ هەماهەنگی و كاری هاوبەشی سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراقی هەبوو كە بووەتە هۆی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەهۆیەوە دەستكەوت و سەركەوتنی گەورە لە شەڕی داعش بەدەستهاتووە."

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت " وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پابەندی ئەو ڕێككەوتنە دەبێت كە لەگەڵ پێشمەرگەدا هەیەتی لە بواری هاوكاری سەربازی و دارایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان."

بەر لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا وەزیری بەرگری ئەمەریکا مەدالیای ئازایەتی بەخشی بە 4 پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی هەمو هێزی پێشمەرگە. کارتەر ستایشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کرد لە شەڕی دژ بە داعشدا.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئاشتن کارتەر گەیشتە شاری بەغدا و لەلایەن فەرماندەی گشتی ھێزی هاوپەیمانان بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا ستیڤ تاونسێن پێشوازی لێکرا پاشان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر ئەلعەبادی کۆبووەوە. مەبەستی سەرەکی کارتەر لەم سەردانەیدا تاوتوێ کردن و هەڵسەنگاندنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ بوو.

XS
SM
MD
LG