Accessibility links

ئاژانسی ڕۆیتەرز: ئەمەریکا و ڕوسیا پێشنیازی دەرچوونی سەرهەڵداوان لە حەلەب دەکەن


ڕۆژی یەکشەممە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا پێشنیازیان کردووە بۆ سەرهەڵداوان لە حەلەب کە ڕێگەیان پێ دەدرێت بە شێوەیەکی پارێزراو چەکدارەکان، خێزانەکانیان و سڤیلییەکانی تریش لە حەلەب دەربچن. ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت ئەم هەواڵەی لە سێ کاربەدەستی ئۆپزسیۆن و گروپی سەرهەڵداوانی حەلەبەوە پێ گەشتووە.

هەرچەندە ڕوسیا نکوڵی لەوە دەکات کە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک ئەنجام درابێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەستەکانی ئۆپزسیۆن گوتویانە گروپەکانی سەرهەڵداوان لە حەلەب هێشتا وەڵامی ئەو پێشنیازەیان نەداوەتەوە. ئەوان دەڵێن بە پێی پێشنیازەکە سەرهەڵداوەکان دەتوانن بە ڕێزەوەو بە سەلامەتی لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەرچن.

ئەگەر سەرهەڵداوان بەو پێشنیازە قایل بن ئەوا هێزەکانی سەر بە سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد بە تەواوەتی کۆنترۆڵی حەلەب دەکەنەوە کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی حەلەب لە ژیردەستی سەرهەڵداوان دایە، ئەمەش دەبێتە گەورەترین سەرکەوتن بۆ ئەسەد لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیدا.

ڕوسیا و ئەمەریکا لە ژنێڤ کۆبونەوە بۆ هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو ڕەوشەو ئەو قەیرانە مرۆییەی کە لە ئاکامی ئەو شەڕە هاتۆتە ئاراوە.

ئاژانسی دەنگوباسی RIA ی مۆسکۆ لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەرگی ڕیابکۆڤەوە دەڵێت ڕوسیا هەوڵی داوە بۆ دروستکردنی ڕەوشێکی لەبار بۆ دەربازبوونی خەڵکی حەلەب بە شێوەیەکی پارێزراو و گوتوشیەتی وتووێژەکانی ژنێڤ بەردەوام دەبن.

ئۆفیسی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیڤان دیمیستۆرا دەڵێت لەم کاتەدا هیچ لێدوانێکی نییە لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە.

XS
SM
MD
LG