Accessibility links

دیپلۆماتانی ئەمەریکا، ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاریس کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی سوریا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جۆن کیری و دیپلۆماتە باڵاکانی تر لە پاریسن بە مەبەستی هەوڵێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ شەڕی ناوخۆی سوریا کە نزیکەی 6 ساڵە بەردەوامە و زیاتر لە 300 هەزار کەسی تێدا کوژراوە.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ژێن مارک ئێرۆلت ئەو کۆبونەوەیەی لە پایتەختی فەرەنسا بەڕێوە برد بۆ تاوتوێ کردنی مەسەلەی سوریا لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەوروپا و دیپلۆماتە باڵاکانی عەرب و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ئەو گروپەی کە بە دۆستانی سوریا ناسراون.

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەریتانیا، عەرەبستانی سعودیە، قەتەر، تورکیا و نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا بەشداریان لەو کۆبونەوەیە کرد لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە کاتێکدا حکومەتی سوریا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب پێشڕەوی دەکات.

هەتا ئێستا هەمو داواکارییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە سەرکەتوو نەبوون. وتووێژی پاریس هەوڵێکە بۆ ڕێگا خۆشکردن بۆ دەستپێکردنەوەی خولێکی نوێی وتووێژی ئاشتی لە ژنێڤ لە نێوان هەمو لایەنە بەشەڕ چووەکان.

ڕۆژی هەینی کیری لە پاریس گوتی " ئامانجی من لەم شتانەدا ئەوەیە کە هەردوو لایەن ، هەمو هێزەکان لە سەر مێزی دانوستاندن لە ژنێڤ کۆبکەینەوە." گوتیشی وێرانکارییەکانی حەلەب خراپترینن لە دەمی جەنگی جیهانی دوهەمەوە.

لێدوانەکانی کیری لە کاتێکدا بوو کە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەرگێ لاڤرۆڤ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هێزەکانی ڕوسیا و سوریا لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن بۆ سەر حەلەب تا ئەوکاتەی کە سەرهەڵداوەکان لە شارەکە دەربچن.

هاوکات ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی هەینی دەنگی دا بۆ پەسەند کردنی بڕیارێک کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات لە شەڕەکانی سوریادا و گەیاندنی کەلوپەلی مرۆیی دەستبەجێ.

ڕوسیا، چین و ئێران دەنگی دژ بەو بڕیارەیان دا.

XS
SM
MD
LG