وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننەمەیەکدا کە لە تەلەفیزۆنی دەوڵەتی بڵاو کرایەوە دەڵێت سوریا هەر ئاگربەستێک لەلایەن هەر پارتێکەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب کرابێت پەسەند ناکات مەگەر وەک دەڵێت گروپە تیرۆرستییەکان لەوێ دەربچن.
مۆسکۆ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کاربەدەستانی ئەمەریکا و ڕوسیا لەم هەفتەیە کۆدەبنەوە بۆ تاووتوێکردنی شیانی کشانەوەی سەرهەڵداوان لە حەلەب. کاربەدەستێکی ئەمەریکاش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند واشنتۆن ئەو پێشنیازە بە هەنگاوێک بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی ڵێکدەداتەوە.
حکومەتی سوریا هەو گروپە سەرهەڵداوەکانی کە هەوڵی ڕووخانی ئەسەد دەدەن بە تیرۆرست لەقەڵەم دەدات. ئەو یاخیبوانە بریتیشن لەو گروپانەی کە لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تورکیا و وڵاتانی کەنداوەوە پشتیوانی دەکرێن و هەروەها گروپە جیهادییەکانیش.
لە ڕۆژی دووشەممە ڕوسیا و چین ڤیتۆی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ ئاگربەستێکی یەک هەفتەیی لە کاتێکدا مۆسکۆ دەڵێت سەرهەڵداوان ئەو ماویە بەکار دەهێنن بۆ بەهێزکردنەوەی خۆیان و ئەمەش درێژە بە شەڕەکە دەدات و زیانی گیانی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
ڕوسیا، کە پشتیوانێکی سەرەکی ئەسەدە، لە مانگی 9ی 2015وە هەڵمەتی هێرشی ئاسمانی دژ بە سەرهەڵداوا دەستپێکرد.
خۆی دەڵێت هێرشەکانی گروپە توندڕەوەکانی سەر بە ئەلقاعیدە دەکاتە ئامانج.