کاربەدەستان دەڵێن ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە لە عەمبارێکی شاری ئۆکلاندی کالیفۆرنیا گیانیان لە دەست داوە گەیشتۆتە 30 کەس. ئەو ئاگرە لە دەمی ئاهەنگێکی کۆتایی هەفتە ڕوویدا بوو.
ڕای کێلی گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەی ئالامدا دەڵێت ئەم تەرمانە لە کاتێکدا دۆزراونەتەوە کە کاربەدەستان بەردەوامن لەگەڕان بە نێو داروپەردووی باڵەخانە دوو نهۆمییە سوتاوەکەدا. ناوبراو گوتی کە ڕەنگە ژمارەی قوربانییەکان زیادیش بکات لە کاتێکدا هێشتا بەشێکی زۆر عەمبارەکە ماوە بگەڕێن و بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەش هێشتا ژمارەیەکی زۆری ئەو خەڵکەی لەوێ بوون دیار نین.
بەرپرسی ئاگرکوژێنەرەوەی شارەکە ملیندا درایتۆن دەڵێت هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە هێشتا نادیارە.
ئۆپەراسیۆنی بەهاناچوون و چوونە ناو عەمبارەکەوە چەند کاتژمێرێک دووا کەوت تا ئەو کاتەی کارمەندەکان بتوانن بە شێوەیەکی پارێزراو بچنە ناوەوە. سەربانی باڵەخانەکە ڕووخا بۆ نهۆمی دوهەم و لە هەندێک شوێنیشدا نهۆمی دووهەمیش ڕووخاوەتە نێو نهۆمی یەکەمەوە.
بڕوا دەکرێت زۆربەی قوربانییەکان لە تەمەنی 20 بۆ 30 ساڵ بن.