Accessibility links

ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە دەستپێدەکات


هێزە کوردەکانی سوریا کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات ڕۆژی یەکشممە بەرنامەی خۆیان بۆ دەستپێکردنی شەڕی گرتنەوەی ڕەققە، پایتەختی دیفاکتۆی توندڕەوانی دەوڵەتی ئیسلامییان، ڕاگەیاند و دەڵێن هیوادارن تورکیا خۆی نەخاتە نێو کاروباری ناوخۆی سوریاوە.

ئەم ڕاگەیاندنەی هێزی سوریای دیموکرات، کە هاوپیەمانییەکە لە کورد و عەرەب و کرستیان پێکهاتووە، ڕۆژی یەکشەممە لە میانەی کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی لە عێن عیسای باکوری ڕەققە ڕاگەیەندرا کە سەرکردەکان و گوتەبێژی گروپەکە لەوێ ئامادە بوون. ئەو کاربەدەستەی کە بەیاننامەکەی خوێندەوە ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی ئازاد کردنی ڕەققە کە بە ئۆپەراسیۆنی "غەزەبی فورات" ناسراوە بە فەرمی دەستیپێکرد.

دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێستادا لە موسڵیش لە ژێر فشاری ‌‌هێزەکانی عێراقدایە.

کاربەدەستانی کورد دەڵێن هەردوو هەڵمەتی دژ بە داعش لەگەڵ یەک ڕێکنەخراون بەڵام کاتەکەی لەگەڵ یەکدا گونجاوە.

جیهان عیماد شەڕڤانێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بەیاننامەکەی خوێندەوە گوتی" ئێمە داوا لە خەڵکی قارەمانی ڕەققە و دەوروبەری دەکەین، کە خۆیان لە کۆڕوکۆبونەوەکانی دوژمنان بە دوور بگرن چونکە ڕەنگە ببنە ئارمانجی هێزەکانی ڕزگارکەر و هێزەکانی هاوپەیمانان".

گوتیشی 30 هەزار چەکدار بەشداری دەکەن و ئۆپەراسیۆنەدا و ئەمە ئۆپەراسیۆنە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش دەبێت و لە چەندین بەرەوە هەماهەنگی دەکرێت.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەن یەپەگە هێزی سەرەکی کوردەکانی سوریاوە کۆنترۆڵ کراوە. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەو گروپە بە یەکێک لە کاریگەرترین هێزەکانی دژی داعش دادەنێت، بەڵام تورکیا وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە قەڵەمیان دەدات و دەڵێت پەیوەندیان هەیە بە پەکەکەوە. کاربەدەستانی تورکیا لە ناویاندا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش گوتویەتی ئەوان بەشداری کوردەکان لە ئازاد کردنی ڕەققە قەبوڵ ناکەن.

وەزیری بەرگری تورکیا هەفتەی ڕابوردوو پێشنیازی ئەوەی کرد لە بری کوردەکان هێزەکانی کە تورکیا پشتیوانیان لێ دەکات بەسداری بکەن بەڵام کاربەدەستە کوردەکان ڕەتیان کردەوە تورکیا بە‌هیچ شێوەیەک ڕۆڵی هەبێت لە ڕزگارکردنی ڕەققە و کاربەدەستانی ئەمەریکاش دانیان بەوەدا ناوە کە یەپەگە بشێکی سەرەکی دەبێت لە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە.

لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەحمەد گوتی " هیوادارین تورکیا خۆی نەخاتە نێو کاروباری ناوخۆیی سوریاوە ڕەققە لەلایەن کوڕەکانی خۆیەوە ئازاد دەکرێت". و گوتیشی ئەگەر تورکیا هێرش بکات ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەکەن.

XS
SM
MD
LG