Accessibility links

شەڕو پێکدادانی هێزەکانی ڕژێمی سوریا و سەرهەڵداوان لە شاری حەلەبی دابەش بوو بەردەوامە


هێزەکانی سوریا و سەرهەڵداوان بەردەوامن لە پێدادانەکانیان لە شاری حەلەبی گەمارۆدراو کە نزیکەی 250 هەزار کەس لە ناویاندا منداڵیش لەو شارە دابەشبووەدا گیریان خواردووە.

هێزەکانی حکومەتی سوریا هەوڵ دەدەن بەشەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان کۆنترۆڵ بکەن کە ئەوانیش هێرشی موشەکی دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت. زیانە گیانییەکانی هەردوولا هەتا دێت زیاتر دەبێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای کردووە دەستبەجێ سەدان کەسی نەخۆش و برندار لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب بگوێزرێنەوە.

ئەو ڕێکخراوە دەڵێت 1 لەسەر سێی ئەو سەدان کەسە سڤیلەی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابوردوو گیانیان لە دەستداوە منداڵ بوون.

ڕێک بێرنان بەرێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ بەهاناچوون، دەڵێت بارودۆخەکە بە ڕاستی زۆر خراپ بووە، بەپێی کاربەدەستانی تەندروستی لەوێ، 338 کەس لەماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوو گیانیان لەدەستداوە بەهۆی بۆردومانەکان لەوانەشدا 106 یان منداڵن. 846 کەسی تریش بریندار بوون لەوانەشدا 261 منداڵ.

سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا باراک ئۆباما بە توندی ئەو هێرشانەی ڕوسیا و حکومەتی سوریای بۆ سەر کەسانی سڤیل لە حەلەب مەحکوم کردووە.

کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت کە سەرۆک ئۆباما ڕۆژی پێنجشەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ پەیوەندی گرتووە و هەردووکیان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ڕوسیا و ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد بەرپرسیارێتیەکی گەورەی ڕاگرتنی ئەو شەڕەو ڕێگادان بە ناردنی کەرەستەی مرۆڤایەتییان لەسەرە.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جۆن کیری ڕایگەیاند وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێواری ئەوەیە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕوسیا ڕابگرێت بەهۆی بەردەوام بوونی بۆردومانەکانی مۆسکۆ بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەرهەڵداوان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب.

XS
SM
MD
LG