Accessibility links

ئەفغانستان: شەڕێکی لە بیرکراو لە هەڵمەتەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا


لە میانەی یەکەم هەڵمەتی هەڵبژاردنی باراک ئۆباما، کە ئەو کات سیناتۆر بوو باسی لەوە دەکرد کە شەڕی ئەفغانستان پشتگوێخراوە بەهۆی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە.

ئۆباما لە ساڵی 2008 گوتی " بۆیە، وەکو سەرۆک، من شەڕی دژ بە ئەلقاعیدەو تالیبان دەکەم بە ئەرەکی سەرەکیم کە دەبێت وا بێت. ئەمە شەڕێکە کە دەبێت تیایدا سەربکەوین".

هەشت ساڵ پاش ئەوە، لە دوای زیاد کردنی 100 هەزار سەربازی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان و پاشان گەڕانەوە بۆ کەمتر لە 10 هەزار سەرباز هێشتا قسەوباس لەسەر بردنەوەی ئەم شەڕە هەیە.

حکومەتی ئەفغانستان ئەمڕۆش هەر شەڕ دەکات دژ بە خۆڕاگری یاخی بوونی تالیبان. و ئۆباما دەڵێت جێگرەوەکەی بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتووی ئەمەریکا دەدات.

بەڵام نە هێلری کڵنتنی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی و نە دۆناڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی بەرنامەکانیان نەختۆتەڕوو سەبارەت بەم بابەتە. تەنانەت لە ماوەی ساڵی ڕابوردوودا زۆر بەکەمی باس لە خودی شەڕەکەش کراوە لەلایەن کاندیداکانەوە.

هەرچەندە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی سەربازانی ئەمەریکای لە ئەفغانستان کەم کردەوە، بەڵام ئەمەریکا زۆر بە قووڵی تێکەڵ بووە لەگەڵ ئەو بابەتە.

سەرۆک ئۆباما داوای 3 ملیارو 45 ملیۆن دۆلاری کردووە لە بودجەی ساڵی 2017 بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانی. ئەو پێشنیازی کردووە جێگرەوەکەی بەردەوام بێت لە دابینکردنی هاوکاری لە هەمان ئاست هەتا ساڵی 2020. ڕاهێنەرانی لەشکری ئەمەریکا بەردەوامن لە ڕاوێژکردن بە هێزەکانی ئەفغانی، و فڕۆکە جەنگەییەکانی ئەمەریکاش هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات بۆ یارمەتیدانی یەکەکانی لەشکری ئەفغانی.

کڵنتن گوتویەتی پشتیوانی لە ڕێبازی ئۆباما بۆ کەمکردنەوەی سەربازەکان دەکات، بەڵام شتێکی زۆر کەمی وتووە لەسەر بەرنامەکانی خۆی ئەگەر ببێت بە سەرۆک.

لە مانگی 11 ی ڕابوردوو لە میانەی وتارێکیدا کە سەرنجی خستبۆ سەر گروپی توندڕەوەی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەو گوتی پێویستە ئەفغانستان بەرپرسیارێتی زیاتری ئاسایشی خۆی بگرێتە ئەستۆ.

خاتو کڵنتن گوتی " ئەگەر ئێمە هەرشتێک لە شەڕی 15 ساڵەی عێراق و ئەفغانستان فێر بوبین ئەوەیە کە خەڵکی خۆجێیی و وڵاتەکان دەبێت کۆمەڵگاکانی خۆیان بپارێزن. ئێمە دەتوانین هاوکاریان بکەین و پێویستە بیکەین، بەڵام ناتوانین کاری ئەوان بکەین".

کڵنتن ئاماژەی بەو شەڕە نەکرد لە وتاری ڕێبازیدا کاتێک بەربژارێتی پارتی دیموکراتی پەسەند کرد. ماڵپەڕی هەڵمەتەکانی کە باس لە ڕێبازەکانی دەکات لە چەندین بواری فراواندا بە هێچ شێوەیەک باس لە بەرنامەکانی بۆ ئەفغانستان تێدا نییە.

ترامپ هەندێک زیاتر ڕاستەوخۆیانە بۆچوونەکانی لەسەر ئەفغانستان ڕاگەیاندووە، کە جارێکیان باسی کشانەوەی تەواوەتی کردووە.

لە مانگی 1 ی ساڵی 2013 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری ڕایگەیاندبوو کە پێویستە ئەمەریکا دەستبەجێ ئەفغانستان بەجێ بهێڵێت.

لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابوردووشدا ترامپ لە لێدوانێکیدا لەگەڵ کەناڵی CNN ڕایگەیاند شەڕی ئەفغانستان هەڵەیەک بوو و ترسی ئەوەی هەیە ئەمەریکا لەوێ گیر بخوات.

ترامپ گوتی " ئایە هەتا 200 ساڵی تریش لەوێ ئەبن؟ ئێمە هەڵەیەکی گەورەمان کرد کە لە سەرەتاوە خۆمان تێوەگلاند. ئێمە بەڕاستی کەسانێکی زۆر زیرەکمان هەبوو کە نەیاندەزانی چی دەکەن".

هەر لە کۆتایی ئەو مانگەشدا تارمپ جارێکی تر بە CNN ی ڕاگەیاندەوە کە بڕوا ناکات شەڕی ئەفغانستان هەڵە بوبێت و لە بەری ئەوە پێی وایە ئەمەریا نەدەبوایە خۆی لە شەڕی عێرق تێوە گلاندایە.

کۆمارییەکان ڕەخنەیەکی زۆریان لە ئۆباما گرتووە لەسەر مەمەڵە کردنی ئەم ساڵانەی دوواییدا لەگەڵ شەڕی ئەفغانستان و بەشێک لە بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکان هێواش هێواش لە وڵاتەکە، کە ئەوان دەڵێن ئەمە ئامەژەیەک بوو بۆ تالیبان کە ئەمەریکا چیتر پەیوەست نییە بە هەوڵەکانی شەڕەکەوە.

هەرچەندە مایکل ئۆهانلن بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە بۆ ڕێبازی دەرەوەیی بونیادی بروکینگس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە تەنانەت ئەوانەش کە ڕەخنە لە ئۆباما دەگرن ڕێبازێکی ئاڵتەناتیڤیان نییە.

ناوبراو گوتی " هەرچەندە کەس خۆشحاڵ نییە بەوەی کە ئەوا بۆ 15 ساڵە ئەمەریکا لە ئەفغانستانە، واش نییە کە کەسێک بیرۆکەیەکی باشتری هەبێت بۆ کشانەوەی تەواو یان بۆ زیاد کردنەوەی هێزەکان".

بەڵام لە کاتێکیشدا کە هەڕەشەکانی تیرۆرستانی دەوڵەتی ئیسلامی، شەڕی سوریا و ناکۆکی لەگەڵ ڕوسیا و چین لە پێشەنگی ڕێبازەکانی دەرەوەی ئەمەریاکدان، هەندێک دەڵێن شتێکی ئاساییە ئەگەر کاربەدەستانی ئەمەریکا سەنگی کەمتر بخاتە سەر شەڕی ئەفغانستان.

سێت جۆنس بەڕێوەبەری نێوەنی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نێونەتەوەیی و ڕێبازی بەرگری لە کۆمپانیای هاوبەشی ڕەند دەڵێت " لە ئێستادا ئەفغانستان بەربەرەکانی دەکات بۆ وەرگرتنی سەرنجی زیاتری ئەمەریکا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تر کە ئەمەریکا هاوکاریان دەکات". و دەشڵێت " بێگومان لەگەڵ عێراقدا هاوبەری دەکات کە لە ئێستادا سەرنجێکی زیاتری دەدرێتێ و لەگەڵ سوریادا و لیبیادا کە ئەمەریکا سەرنجێکی زۆر دەداتێ و هەروەها بەربەرەکانی دەکات لەگەڵ مەسەلەی تیرۆرسم لە ئەوروپا".

ئەو شارەزایە دەشڵێت ڕۆڵی ئەفغانستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا کاریگەری گەورەی دەبێت بەسەر ڕای گشتیدا.

باری ئاسایشی ئەفغانستان مەترسیدارە، و حکومەتیش هەر لاوازە. شارەزایانی لەشکری ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکیاندا کە لە سەرەتای ئەمساڵ بڵاو کرایەوە ڕایانگەیاند کە حکومەت کۆنتڕۆڵی بەسەر نزیکەی لەسەدا 5 ی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لە نێوان مانگی 1 بۆ مانگی 5 لەدەست داوە. سەرکردەیەکی باڵای ئەمەریکا دەڵێت تەنها لە مانگی 7دا زیان گەیشتووە بە زیاتر لە 900 دامودەزگای هێزەکانی ئەفغانستان.

لەو مانگەدا سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی وڵاتانی ناتۆ لە وارساو کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی وڵاتەکەی. و لەوێدا پەیمانی پشتیوانی کردنی پێ درا.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەشێکی گرنگی ئەو هاوکارییەیە ، بەڵام بەهۆی کەمی تاوتوێکردنی ئەو مەسەلانە لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەمەریکادا، ڕوون نییە کە تا چەنێکی تر ئەم ڕەوشە بەردەوام دەبێت ئەگەر هەر کامێکیان کڵنتن یان ترامپ ببێت بە سەرۆک.

XS
SM
MD
LG