Accessibility links

داعش هێرشبەرەکەی فەڕەنسا بە سەربازی خۆی ناودێر دەکات


گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئەو پیاوە تونسییەی کە بە لۆریەکەوە خۆی کرد بە نێو خەڵکیدا لە شاری نیسی هاوینە هەواری فەرەنسا، سەربازێکی گروپەکەیان بووە. ئەمە یەکەم جار بوو بەرپرسیارێتی ئەو هێڕشە بگیرێتە ئەستۆ کە 84 کەسی تێدا کوژران لە کاتێکدا خەڵکی بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی ڕۆژی نیشتیمانی فەڕەنسا دەکرد.

ئەم ڕاگەیاندنە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن دەزگایەکی نوێی سەربە گروپەکە بڵاو کرایەوە. لە ڕاگەیاندنەکەدا ناوی محەمەد لەحوەیج بوهلالی تەمەن 31 ساڵان نەهاتووە کە کاربەدەستان دەڵێن هێرشەکەی ئەنجام داوە. بەڵام بەیاننامەیەک لە زاری ئەندامێکی ئاسایشی داعشەوە دەڵێت ئەو پیاوە فەرمانەکانی گروپەکەی بەجێ گەیاندووە بۆ کوشتنی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەی کە شەڕیان دەکەن.

هەتا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ڕاستی و دروستی ئەو ڕاگەیاندنە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام کاربەدەستانی فەرەنسا نەیانگوتووە ڕاست نییە.

ئەوەی کە هەتا ئێستا لەسەر بوهلال بڵاو کراوەتەوە ئەوەیە کە کەسێکی توڕە بووە و زۆر هاوسۆزییەکی کەمی هەبووە بۆ ئەو گروپە توندڕەوە ئیسلامییە. بەڵام لە بەیاننامەیەکدا بۆ پەیامنێران وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا بێرناند جەزینۆڤ گوتی ڕەنگە بوهلال بەمدواییانە بیروڕای توندڕەوی هەبوبێت. گوتی بەوە دەچێت زۆر خێرا توندڕەو کرابێت. هەتا ئێستاش ڕوون نییە کە ئایە بوهلال کە بە گوللەی پۆلیس لە کاتی ڕووداوەکە کوژرا بە تەنها ئەو کارەی کردووە یان کەسی تریش هاوکاری کردووە.

XS
SM
MD
LG