Accessibility links

بەهۆی دوو تەقینەوە لە بەغدا 91 کەس دەکوژرێن


بەهۆی دوو تەقینەوە لە پایتەختی عێراق بەلایەنیکەم 91 کەس کوژران. تەقینەوە گەورەکەیان لە ناوچەی کەڕادەی ناوەڕاستی بەغدا ڕوودا، هێرشبەرێکی خۆکوژ کامیۆنێکی بۆمبڕێژکراوی لە دەرەوەی بازارێکی قەرەباڵغدا تەقاندەوە بەلایەنیکەم 86 کەس کوژران. کاربەدەستێکی پۆلیس دەڵێت 15 منداڵ و 10 ژن و 6 پۆلیسیش لە نێو کوژراوەکاندان. زیاتر لە 170 کەسیش بریندار بوون.

داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی گرتۆتە ئەستۆ. ئەو تەقینەوەیە بە ماوەیەکی کورت پاش نیوەشەو ڕوویدا کاتێک خێزانەکان و گەنجەکان لە دەرەوە بوون پاش ڕۆژوو شکاندنیان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا.

کەریم سامی تەمەن 35 ساڵان یەکێکە لەو کەسانەی کە لەسەر ئەو شەقامە خواردنی دەفرۆشت دەڵێت " وەکو ئەوە وابوو بومەلەرزەیەک ڕووی دابێت، من شتەکانم کۆ کردەوەو بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوتم کە بینیم گڕ بەرزبۆتەوە لە ئەنجامی تەقینەوەکە زۆر ترسام و دەستم کرد بە تەلەفۆن کردن بۆ هاوڕێکانم بەڵام کەسیان وەڵامیان نەدامەوە." هەروەها گوتیشی هاوڕێیەکی کوژراوە و یەکێکی تری بریندارە و یەکێک لە هاوڕێکانیشی هێشتا بێسەروشوێنە.

لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا داعش لە بەیاننامەیەکی دا لە سەر ئینتەرنێت بەرپرسیارێتی ئەو تەقینەوەیەی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند ئەوان بە تایبەتی موسوڵمانە شیعەکانیان کردبوو بە ئامانج.

لە شوێنی ڕووداوەکەش دەبینرێت تیمەکانی بەهاناچوون و کەسانی سیڤیلیش تەرمەکان هەڵدەگرنەوە. دوکەڵ لە بازارەکەوە بەرز دەبێتەوە و بالەخانەکانی دەوروبەر سوتاون.

لە ڕووداوێکی تریشدا بۆمبێک لە ناوچەی شەعبی بەغدا تەقییەوە و 5 کەس کوژران و 16 کەسی تریش بریندار بوون. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش هیچ کەسو لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەگرتۆتە ئەستۆ بەڵام لە شێوازی هێرشەکانی داعش دەچێت.

کاربەدەستانی نەخۆشخانەکان ژمارەی قوربانییەکانیان پشتڕاست کردۆتەوە.

XS
SM
MD
LG