Accessibility links

گرتەیەکی ڤیدیۆیی کوشتنی 5 ڕۆژنامەوان لە سوریا بڵاو دەبێتەوە


گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ڕۆژی یەکشەممە بڵاو بۆتەوە کە تیایدا کوشتنی 5 چالاکوانی میدیاکاری سوریایی لە ساڵی پار لەلایەن داعشەوە نیشان دەدات.

ڕێکخراوەی چاودێری مافەکانی سوریایی بنکە لە بەریتانیا دەڵێت ئەو 5 کەسە لە مانگی 10 ڕفێندران و بڕوا دەکرێت لە مانگی 12 کوژرابن بەهۆی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی شاری دێرئەلزور کە نیوەی ئەو شارە لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە چاودێرییە، ڕامی عەبدولڕەحمان دەڵێت هەواڵی ڕفاندن و کوشتنی ئەو چالاکوانانە ڕانەگەیەندرا چونکە هێچ تەرمێک نەدۆزرایەوە و خێزانەکانیشیان لەوە دەترسان تۆڵەیان لێ بکرێتەوە ئەگەر ڕایبگەیەنن.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەندامێکی داعش کە تەنها دەنگی دەرچووە دەڵێت گروپەکە ڕووبەڕووی شەڕێکی ڕاگەیاندن بۆتەوە و هۆشداری دژ بە ڕاگەیاندن دەدات بە وتەکانی خۆی " بۆ خاچپەرستان و دوژمنانی خودا". ئەو دەنگە دەشڵێت هەر ڕۆژنامەوانێک لەسەر داعش شت بڵاو بکاتەوە ڕەنگە بکرێتە ئامانج تەنانەت ئەگەر لە ئەوروپاش بژێت.

عەبدوڵڕەحمانیش دەڵێت یەکێک لەو چالاکوانانەی کە کوژراوە سامی جەودەتی تەمەن 28 ساڵانە کە لە ساڵێ 2011وەو کە دەنت شەڕی ناوخۆی سوریاوە زانیاری دەدا بە ڕێکخراوەکەیان و هەر بەردەوام بوو پاش ئەوەش کە لە ساڵی 2014 داعش نیوەی دێر ئەلزوری کۆنتڕۆل کرد.

ڕامی عەبدولڕەحمان دەشڵێت لەو کاتەوەی کە ئەم چالاکوانانە ڕفیندران و کوژران ئەو بە چالاکوانەکانی تری گوتووە کە خۆیان بپارێزن لە وێنە گرتن و ڤیدیۆ گرتن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا هەمویان باس لەوە دەکەن چ زۆر زانیارییەکیان بڵاو کردۆتەوە. یەکێک لە چالاکوانەکان دەڵێت ئەو پەیامنێری ئەلجەزیرە بووە و یەکێکی تریش دەڵێت هاوکاری ڕێکخراوەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی بنکە لە نیویۆرکی کردووە. هیچ کام لەم دەزگایانەش هەتا ئامادە کردنی ئەم هەواڵەش لەسەر ئەو ڤیدیۆیە هیچیان نەوتووە.

بە پێی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان سوریا سێهەین وڵاتە لە جیهاندا بۆ کوشتنی ڕۆژنامەوانان پاش یەمەن و عێراق. لە ساڵی 2011وە هەتا ئێستا 95 بەلایەنی کەم 95 ڕۆژنامەوان لە سوریا کوژراون. نزیکەی هەمو ڕێکخراوە میدیاییە جیهانییەکان ستافی خۆان نانێرن بۆ سوریا لە ترسی ڕفاندنیان لەلایەن ئەو ملیتانانەی کە زۆربەی جار بارمتەکان دەکوژن.

XS
SM
MD
LG