Accessibility links

سەرکردەیەکی لەشکری عێراق: فەلوجە بەتەواوەتی ئازاد کرا


سەرکردەیەکی باڵای عێراقی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند شارۆچکەی فەلوجە بە تەواوەتی ئازاد کرا لە دەستی چەکدارانی داعش، پاش ئۆپەراسیۆنێکی کە زیاتر لە مانگێکی خایاند.

بەرپرسی هێزەکانی دژە تێرۆر ژەنەڕاڵ عەبدول وەهاب ئەلسەعدی بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتدی ڕاگەیاند سەربازانی عێراقی چوونە نێو گەڕەکی ئەلجولان لە باکوری ڕۆژئاوای شارۆچکەکە کە دووا شوێن بوو لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش مابوو.

ئەلسەعدی گوتی " ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە کۆتایی مانگی پێنج دەستیپێکرد ئێستا تەواو بوو و شارۆچکەکە بە تەواوەتی ئازاد بووە." هاوکات گوتیشی لە ئێستادا هێزەکان دەست دەکەن بە پاککردنەوەی مینە چێندراوەکان لە سەر شەقامەکان و ناو باڵەخانەکان.

ئەم ڕاگەیاندنەش زیاتر لە هەفتەیەک پاش ئەوەیە کە سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر ئەلعەبادی سەرکەوتونی لە فەلوجە ڕاگەیاند پاش ئەوەی هێزەکان دەستیان گرتەوە بەسەر باڵەخانە دامەودەزگا حکومیەکان لە ناو شارۆچکەکە.

لە مانگی 1 ی ساڵی 2014 وە داعش دەستی بەسەر شارۆچکەی فەلوجەدا گرت.

ئۆپەراسیۆنی ئازاد کردنی فەلوجە بوو بەهۆی ئاوارە بوونی هەزاران خێزان و پڕ بوونی ئەو کەمپانەی کە لەلایەن حکومەت و ڕێکخراوە خێرخوازەکان بۆ ئاوارەکان بەڕێوە دەبرێت.

XS
SM
MD
LG