Accessibility links

بەهۆی دوو تەقیەنەوە لە پایتەختی سوریا بەلایەنی کەم 8 کەس دەکوژرێن


تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی سوریا و گروپێکی چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن ڕادەگەیەنن دوو تەقینەوە لە نزیک پایتەختی وڵاتەکە بەلایەنی کەم 8 کەسی کوشتووەو دەیان کەسی تریش بریندار بوون. ئەم هێرشە لە ناوچەیەکی شیعەنشین ڕوویداوە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی سوریا ڕادەگەیەنێت تەقینەوەکەی ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشوری دیمەشق بەلایەنی کەم 8 کەسی تێدا کوژراو 13 کەسیش بریندار بوون. ڕێکخراوەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا دەڵێت 12 کەس کوژراون و دەیان کەسی تریش بریندار بوون لەو دوو تەقینەوەیەدا.

ناوچەی سەیدە زەینەب شوێنی مەزارگەی سەیدە زینەبی کچی ئیمام عەلی موسوڵمانانە و کچە زای پێغەمبەر محەمەدە کە ساڵانە هەزاران لە شیعە ئاینزاکان سەردانەی ئەو مەرقەدە دەکەن.

ئاژانسی دەنگوباسی سانا ڕادەگەیەنێت یەکەم تەقینەوە بەهۆی هێرش بەرێکی خۆکوژ بوو کە پشتێنی بۆمبی لەخۆی بەستبوو و لە دەرگای چوونە ژورەوەی ناوچەکە ڕوویدا و دوهەمیش تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بوو لە شەقامی ئەلتێن.

لە شەڕی ناوخۆی سوریادا چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر سەیدە زەینەب هەندێک لەو هێرشانەش لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گیراوە.

لە 25 ی مانگی 4 یشدا لە هەمان ناوچە بەهۆی تەقینەوەیەک لە خاڵی چوونە ژوورەوە بەلایەنیکەم 8 کەس کوژران. و لە مانگی 2 بەهۆی چەند تەقینەوەیەک لە سەرانسەری ناوچەکە بەلایەنی کەم 83 کەس کوژران و زیاتر لە 170 کەسیش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG