Accessibility links

سەربازانی سوریا تەدمر لە داعش ئازاد دەکەن


ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد ڕادەگەیەنێت هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی ڕوسیا چەکدارانی داعشیان ڕۆژی یەکشەممە لە شاری تەدمر دەرکرد. بەمەش کۆتایی هات بە 10 مانگی تیرۆری ئەو گروپە لەو شارەدا کە مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 2000 ساڵ لەمەو بەر و ڕۆژێک لە ڕۆژان جێگای سەرەنگی دەیان هەزار گەشتیار بوو لە ساڵێکدا.

هێزەکانی حکومەت نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر ئەو هێرشەیان بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی ئەو شارە دەستپێکرد کە لە سوریا نازناوی بوکی بیابانی هەیە و لە مانگی 5 ی ساڵی ڕابوردوو لەلایەن توندڕەوانەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

سەربازان لە تەدمر لە ئێستادا خەریکی پوچەڵ کردنەوەی ئەو بۆمبانەن کە لەلایەن داعشەوە چێندراوە. تەلەفیزۆنی دەوڵەتی و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا ڕایانگەیاند لەشکری سوریا دەستی بەسەر بنکەیەکی سەربازی بەرەو ڕۆژهەڵاتیش گرتووە.

ئەم پێشوەچوونەش سەرکەوتنێکی ستراتیژی و سیموبلیە بۆ حکومەت کە دەیەوێت خۆی وەکو هێزێکی دژە تیرۆرسم نیشان بدات.

ئەو ناوچەیەش زۆر گرنگ بوو بۆ هێڵی گواستنەوەی شتومەکی داعش لە ناوەند و باکوری سوریاوە بۆ پارێزگای ئەنبار لە عێراق.

شایانی باسە لە مانگی 5 ی ڕابوردوو داعش لە چەند ڕۆژێکدا تەدمری کۆنتڕۆڵ کرد دەستیکرد بە وێران کردنی پەرستگاو شوێنەوارە دێرینەکانی کە مێژووەکانی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر.

XS
SM
MD
LG