Accessibility links

دوو سەرکردەی پێشوی داعش بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن بۆ پارە چوونەتە نێو داعشەوە


دوو سەرکردەی پێشووی داعش کە بەم دواییانە خۆیان دا بە دەست کاربەدەستانی ئەفغانستانەوە بە تەلەفیزیۆنی ئاشنای دەنگی ئەمەریکایان گوتووە لە بەر پارە چوونەتە نێو ئەو ڕێکخراوە توندڕەوەوە نەک بەهۆی بیروڕایان.

شارەزایان دەڵێن ئەمە تیشک دەخاتە سەر جیاوازیەکان لە نێوان ئەوانەی لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان دەچنە نێو داعشەوە. هەروەها دەشڵێن داعش دیاردەیەکی ئاڵۆزە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە جیاواز کار دەکات.

ئەو دوو پیاوەی کە پێشتریش تالیبان بوون دەڵێن هیچ پەیوەندییەکیان بە داعش لە سوریاوە نییە و پشتیوانیش لە بیرۆکەی جیاکردنەوەی خەلافەتێک لە تەواوی جیهان پەسەند ناکەن.

یەکێک لەو دوو سەرکردەیە بە ناوی عەرەبستان گوتی " من لە ناوچە شاخاوییەکان بووم ئێمە بێ ئومێد بوین تەنها چەکەکانمان پێبوو، کار نەبوو ئەوان مانگانە 10 هەزار ڕوپیەی پاکستانیان پێ دەداین کە دەکاتە نزیکەی 100 دۆلار و ئێمەش بوین بە داعش".

دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت قسەکانی عەرەبستان و سەرکردەکەی تر کە ناوی زەیتونە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکات. ئەو وتووێژە بە هاوکاری ئاژانسی موخابەراتی ئەفغانی کرابوو. کاربەدەستانی ئەفغانی و چەند سەرچاوەیەکی خێڵەکی بۆ دەنگی ئەمەریکایان پشتڕاست کردووە کە ئەو دوو کەسە لەگەڵ داعش بوون.

عەرەبستان کە تەمەنی 50 ساڵە دەڵێت هەرگیز نەچۆتە قوتابخانە و 9 منداڵی هەیە. زەیتون کە ئەویش تەنها یەکەم ناوی خۆی ئاشکرا کردووە دەڵێت تەمەنی نزیکەی 40 ساڵەو هەشت منداڵی هەیە و نزیکەی 15 ساڵەی لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەسەر بردووە بەر لەوەی بچێتە نێو داعش.

بەڵام پاش 10 مانگ کارکردنیان لەگەڵ داعش ئەوان دەڵێن نەیانتوانی چیتر پشودرێژ لەگەڵیاندا بمێننەوە و لەگەڵ پیاوە ماقولەکانی خێڵەکان قسەیان کرد تا بتوانن حکومەتی ئەفغانی پەنایان بدات.

زەیتون دەڵێت کاتێک کە چومە ناو ئەو گروپەوە ئەوان دەیانگوت شەڕیعەتی ئیسلامی دەچەسپێنن بەڵام ئەوان خەڵکیان تاڵان کرد، سەری خەڵکیان بڕی، بۆمبیان بەستی لە خەڵکی. ئێمە نەمانتوانی ئەمانە ببینین و بڕیارمان دا بگەڕێینەوە ناو خەڵکی خۆمان و وڵاتی خۆمان. هەروەها گوتیشی داواشیان لێ کردبوون ئەندامانی هێزی لەشکری ئەفغانی و ڕێش سپییەکانی خێڵەکان بکوژن و ئەوانەش کە کاریگەریان بەسەر کۆمەڵگاوە هەیە.

شایانی باسە دەڵێن گروپی داعش لە فغانستان ڕەنگە پەیوەندی بە سوریا و عێراقەوە نەبێت. سەرکردەکانی پێشووی داعش دەڵێن ئەوان هیچ پەیوەندییان بە سوریا و عێراقەوە نەبووە و هیچ سوریاییەک یان عێراقییەکیان نەبینیوە لەو کاتەی کە لەگەڵ داعش کاریان کردووە.

XS
SM
MD
LG