Accessibility links

مزگەوتەکانی فەڕەنسا بۆنەیەک بە ناوی " کوپێک چای برایانە" بەڕێوە دەبەن


سەدان لە مزگەوتەکانی فەڕەنسا ڕۆژانی شەممەو یەکشەممە دەرگاکانی خۆیان لە ڕووی خەڵکیدا دەکەنەوە لە هەوڵێکیاندا بۆ تێگەیاندنی کولتوری خۆیان بۆ کەسانی نا موسوڵمان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێرشەکانی توندڕەوە ئیسلامییەکان دیدوبۆچوونی خراپی دژ بە ئاینەکەیان دروست کردووە.

هەرچەندە هەمو 2500 مزگەوتەکانی فەڕەنسا بەشداری ناکەن بەڵام هەرە بەناوبانگەکانیان بەشدار دەبن لە ناویاندا مزگەوتی گەورەی پاریس. ئەم هەوڵەش لەلایەن دەستەی باڵای موسوڵمانانی وڵاتەکەوە پشتیوانی دەکرێت.

سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە ئەنوەر کەبیبەچ بە ڕۆژنامەوانانی گوت مزگەوتەکان خەڵکی بانگهێشت دەکەن بۆ ناسینی موسوڵمانانی ئاسایی نان خواردن لەگەڵیاندا و ئاڵوگۆڕ کردنی بیروڕا و نیشاندانی چالاکییەکانیان و هەروەها بینینی یەکێک لە پێنج نوێژی ڕۆژەکەیان.

ئەم ڕێوڕەسمەی کە ناوی لێنراوە "کوپێک چای برایانە" لە نێوان یەکەم ساڵیادی هێرشەکەی توندڕەوان بۆسەر گۆڤاری چارلی هەبدۆ لە 7 ی مانگی 1 و 11ی مانگی 1 کە دەکاتە ساڵیادی ئەو ڕۆژەی ملیۆنان کەس چوونە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانی کردن لە قوربانیانی هێرشەکان ئەنجام دەدرێت.

گرژی و ئاڵۆزییەکان زیادیان کرد پاش هێرشەکانی توندڕەوە ئیسلامییەکان لە 13 ی مانگی 11 بۆ سەر پاریس کە 130 کەسی تێدا کوژران. لەو کاتەوە فەڕەنسا باری نائاسایی لە وڵاتە ڕاگەیاند و سێ مزگەوتی داخست کە گومان دەرکێت ئەندامەکانی ڕادکاڵ دەکرێن.

XS
SM
MD
LG