Accessibility links

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو لە تورکیا دەخرێتە خوارەوە


فڕۆکەکانی تورکیا لە ڕۆژی هەینی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراویان خستۆتە خوارەوە کە لەشکر دەڵێت سەرپێچی سنووری ئاسمانی تورکیای لەگەڵ سوریا کردبوو.

لەشکر دەڵێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە کاتێکدا خرایە خوارێ کە سێ جار هۆشداری دەرچوونی لە سنووری ئاسمانی تورکیا پشگوێ خست. لەشکر دەشڵێت هەتا ئێستا نەزانراوە هینی چ وڵاتێکە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە ناو خاکی تورکیا بەربۆوە.

لە سەرەتای ئەم مانگە تورکیا ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سەرپێچی سنووری ئاسمانی تورکیا دەکەن.

شایانی باسە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕوسیا و حکومەتی سوریاش لەو ناوچەیەدا هەن.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، دەمڕاستی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕوسی ڕاگەیاند هەمو فڕۆکەکانی ڕوسیا بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بۆ بنکەکانی خۆیان و هەمو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیشی کاری خۆیان بە ئاسایی دەکەن.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەیادین بنکە لە لوبنان کە سەر بە سوریایە لە زاری کاربەدەستێکی نەناسراوی لەشکری سوریاییەوە ڕایگەیاندووە هیچ فڕۆکەیەک یان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوریا و ڕوسیا لە تورکیا نەخراوەتە خوارێ. کاربەدەستەکە گوتوشیەتی هیچ فڕۆکەیەکی سوریا یان ڕوسیا سەرپێچی سنووری ئاسمانی تورکیایان نەکردووە.

هەتا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێک لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنکەرە نەدراوە.

XS
SM
MD
LG