ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ڕه‌نسا شه‌ش که‌سیان ده‌ستگیر کردووه له ناوچه‌ی تولوس به گومانی ئه‌وه‌ی ده‌ستیان هه‌یه له ناو تۆڕێکدا بۆ ناردنی خه‌ڵک وه‌ک جه‌نگاوه‌ری ئیسلامی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که.
ده‌ستگیرکردنه‌کانی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه تا ئێستا دواترینه له‌و زنجیره هه‌ڵمه‌تانه‌ی ڕادیکاڵه گومانباره‌کانیان کردۆته ئامانج له‌وه‌تای هێرشه تێرۆرکاریه‌کانی مانگی ڕابردووه‌وه که له پاریس کران.
له‌و هێرشانه‌دا که 3 توندڕه‌وی فه‌ڕه‌نسایی کردیان 20 که‌س کوژران به سێ تێرۆریسته‌که‌وه.
وه‌زیری ناوخۆی فه‌ڕه‌نسا هه‌واڵی ده‌ستگیرکردنی ئه‌و شه‌ش گومانباره‌ی پشتڕاست کرده‌وه و ده‌شڵێت هه‌ر هه‌موویان له شاره‌کانی تولوس و ئالبی باشوری فه‌ڕه‌نسا ده‌ستگیرکراون و ئێستا له گرتوخانه‌ن.
له ڕاگه‌یاندنه‌که‌یدا وه‌زیری ناوخۆی فه‌ڕه‌نسا ده‌ڵێت ئه‌و گومانبارانه وه‌ک به‌شێک له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی ده‌کرێتن له‌سه‌ر تێرۆریزم ده‌ستگیر کراون و بڕیاری ده‌ستگیرکردنه‌کانیشیان له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی بووه به تۆڕه جیهادیه‌کانه‌وه.
له‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا بێرنارد کازانۆڤا ئاماژه‌ی به‌وه نه‌کردووه ئایا ئه‌م شه‌ش که‌سه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ستگیر کراون هیچ په‌یوه‌ندیه‌کیان به‌و چه‌کدارانه‌وه هه‌یه که ڕۆژانی 7 و 9 ی مانگی یه‌ک هێرشه‌کانی پاریس‌یان کرد.