بەرپرسانى ناحیەى جەلەولا ، ئاشکرای دەکەن دواى رزگارکردنى ناحیەکەیان لە لایەن هێزى پـێشمەرگە و سوپاى عێراقەوە ، میلیشیا شیعەکان دەستیانکردووە بە سوتاندن و تاڵانکردنى بازاڕ و شوێنە گشتیەکانى ناحیەکە.
تاڵانکردن و سوتاندنى دوکان و بازاڕ و ماڵان لە لایەن میلیشیا شیعەکانەوە، لە کاتێکدایە ئیدارەى ناحیەکە و هێزى پـێشمەرگە دانیشتوانى ناحیەکەیان ئاگادار کردووەتەوە نەگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان ههتا ئەو کاتەى بۆمبە چێنراوەکانى نێو ناحیەکە پوچەڵ دەکرێنەوە.
ئەنوەر حسێن بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا، به دەنگى ئەمهریکاى راگەیاند"سەرجەم و دامودەزگا حکومیەکانى جەلەولا تاڵانکراون و تەقێنراونەتەوە ، هەروەها شەقام و ماڵانیش بۆمبڕێژکراون."
ئەنوەر حسێن وتیشى"بۆیە لە ئێستادا رێگە بە دانیشتوانى ناحیەکە نادرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان ههتا ئەو کاتەى بۆمبە چێنراوەکان پوچەڵ دەکرێنەوە".
بوار نەدان بە دانیشتوانى ناحیەى جەلەولا بۆ گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵیان ، لە کاتێکدایە بە هەزاران دانیشتووى ئەو ناحیەى ئاوارەى ناوچەکانى گەرمیان بوون و لە ئێستادا لە نێو کامپ و خێوەتدا ژیان دەگوزەرێنن.
مەحمود محەمەد سەرپەرشتیارى ناوچەى جەلەولاى پارتى دیموکراتى کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات رێکخراوى بەدر و میلیشیا شیعەکان دەستیانداوەتە تاڵانکردنى ماڵى هاوڵاتیە ئاوارەبووەکان ، دەڵێت" میلیشیاکان بازاڕ و دوکان و شوێنە گشتیەکان دەسوتنێنن و تاڵانی دەکەن ، پێشمەرگەش ڕێگرى لێنەکردوون".
دواى ئەوەى سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە بە هەماهەنگى یەکتر ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیەیان کۆنترۆڵکرد، ههتا ئێستا روون نیـیە کام هێزیان لەو ناوچانە دەمێننەوە.