Accessibility links

کۆریای باکور ده‌ڵێت که‌وتۆته‌ باری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ کۆریای باشوردا


کۆریای باکور ده‌ڵێت که‌وتۆته‌ باری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ کۆریای باشوردا و ئاگاهیش ده‌دات هه‌ر وروژاندنێک له‌لایه‌ن سیۆڵ و واشنتۆنه‌وه‌ ڕه‌وشه‌که‌ ده‌باته‌ ئاستێکی به‌رزتر و بۆ شه‌ڕی ناوکی.
وه‌ک له‌ ئاژانسی فه‌رمی ده‌نگ و باسی وڵاته‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ هه‌ر شتێکیش له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا بێته‌ ئاراوه‌ به‌پێی ئه‌و باری ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕه‌‌ سه‌روسه‌ودای له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.

له‌ وه‌ڵامیشدا وه‌زاره‌تی به‌رگری نیشتیمانی کۆریای باشور ڕاگه‌یاندنێکی بڵاوکردۆته‌وه‌ تیایدا داوا له‌ پیۆنگ یانگ ده‌کات هه‌ڕه‌شه‌کردن ڕابگرێت و له‌ ڕاگه‌یاندنه‌که‌شدا هاتووه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌کردنانه‌ جێی قایل بوون نین. وه‌زاره‌تی به‌رگری کۆریای باشور ئاگاهیشی داوه‌ که‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی وڵاته‌که‌ له باری‌ ئاماده‌باشییه‌کی ته‌واودان و سزایه‌کی ته‌واوی کۆریای باکور ده‌دات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری هه‌ر وروژاندنێک.


کۆشکی سپی ده‌ڵێت ئه‌م راگه‌یاندنه‌ی ۆیۆنگ یانگ به‌ ڕژدی وه‌رده‌گرێت. که‌تلین هه‌یدن ده‌مڕاستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانی ده‌ڵێت کۆریای باکور میژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه‌ له‌ گوتاری شه‌ڕانگێزیدا و ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ش ده‌چێته‌ هه‌مان خانه‌وه‌.

دره‌نگانێکی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ پیۆنگ یانگ هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی ئۆفیسه‌ پیشه‌سازیه‌ هاوبه‌شه‌کانی هه‌ردوو کۆریاشی کردووه‌.
ده‌مڕاستێکی ئۆفیسه‌کانی کۆریای باکور له‌ ئۆفیسه‌ پیشه‌سازیه‌کانی کایسۆنگ گوتوویه‌تی دامه‌زراوه‌که‌ داده‌خرێت ئه‌گه‌ر بێتوو کۆریای باشور به‌رده‌وام بێت له‌ بنکۆڵکردنی سه‌روه‌ریه‌کانی کۆریای باکور. ئه‌م دامه‌زراوه‌ پیشه‌سازیه‌ هاوبه‌شه‌ ڕێک ده‌که‌وێته‌ باکوری ئه‌و هه‌رێمه‌ بێ له‌شکرییه‌ی هه‌ردوو کۆریا له‌ یه‌ک جیاده‌کاته‌وه‌.

ژماره‌یه‌ک له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانی کۆریای باکور له‌مڕۆ شه‌ممه‌دا هاک کراون له‌پاش ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ و هێشتاش هیچ لایه‌نێک به‌رپرسێتی خۆی له‌و هاککردنانه‌ ڕانه‌گه‌یاندووه، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک که‌س په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌نگی ئه‌مریکاوه‌ کردووه‌ و گوتوویانه‌ خۆیان ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی کۆریای باکوریان هاککردووه‌.
XS
SM
MD
LG