Accessibility links

ئێران ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی ده‌بێته‌وه‌


زۆرێک له‌ دوکانه‌کانی بازاڕی سه‌ره‌کی تاران پایته‌ختی کۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌مڕۆش 5شه‌ممه‌ داخراون، یه‌ک ڕۆژ پاش پێکدادانی هێزه‌کانی پۆلیسی ئێران له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا هاوکاتی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر ئه‌و دابه‌زینه‌ی له‌ نرخی دراوی وڵاته‌که‌دا هاتۆته‌ ئاراوه‌.
گه‌واهده‌ران ده‌ڵێن ته‌نها چه‌ند دوکانێک له‌و بازاڕه‌ سه‌ره‌کیه‌ی ناوجه‌رگه‌ی تاراندا کراوه‌ بووه‌ و هێزه‌کانی پۆلیسیش هه‌ر له‌ چاودێریدا بوون.
له‌ ده‌می خۆپیشاندانه‌کانی دوێنی چوارشه‌ممه‌ی بازاڕی تاراندا پۆلیس به‌گژ خۆپیشانده‌راندا چووه‌وه‌ و ژماره‌یه‌کی زۆری خۆپیشانده‌رانیشی ده‌ستگیرکردووه‌.
له‌م هه‌فته‌یه‌دا ڕیاڵی ئێرانی نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر سێی نرخی خۆی له‌ده‌ستدا به‌رامبه‌ر به‌های دراوه‌ جیهانیه‌کان.
مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، سه‌رۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زاییه‌ی ناوخۆی وڵاته‌که‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌ که‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌ته‌کانی هه‌ن و لۆمه‌ی ڕه‌وشه‌که‌ی له‌ ئه‌ستۆی وه‌ک به‌ "دوژمنانی ئێران" ناودێر کرد به‌هۆی وه‌ک ده‌ڵێت "ئه‌و فشاره‌ سایکۆلۆژیه‌ی" خستویانه‌ته‌ سه‌ر وڵاته‌که‌ی.
ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس ده‌ڵێت پۆلیسی دژه‌ ئاژاوه‌ له‌ ئێران له‌ دوڕیانه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی تاراندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی نیگه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ تاران کران دژ به‌ دابه‌زینی نرخی ڕیاڵی ئێرانی و هه‌روه‌هاش دژ به‌و گرانیه‌ی بازاڕه‌کانی وڵاته‌که‌ی گرتۆته‌وه‌.
XS
SM
MD
LG